هەواڵ- بیروڕا

‏‎ھەرزەکار لەنێوان ھاوسەرگیری و جیابوونەوەدا..!

17/11/2020

791 جار خوێندراوەتەوە


‏‎زۆربەی پێنج شەممەو ھەینیەکان، ئارایشتگا و فۆتۆگرافەر و جادەو بان بەر ناکەوێ، لەگەڵ ئاپۆرای خەڵکی پەرۆش و ڕاکە ڕاک بۆ زەواج، ڕۆژانی دیکەش مەحکەمە، بەر ناکەوێ بۆ داوای تەڵاق، لە کاتێک بارو گوزەرانی خەڵکی ژیان بەشێوەیەکی گشتی قورس بووە، جیھان بەدەست نەخۆشی و ڤایرۆسی کۆرنا دەناڵێنێ. بەڵام لە کوردستان زەواج و تەڵاق، ڕکابەری کۆرۆنا دەکەن.

‏‎ڕێژەی بەرچاو لە تەڵاق، وامان لێ دەکات وورد بینەوە لەسەر ھۆکارەکان، بەدوا داچوونیان بۆ بکەین، بەتایبەتر تیشک بخەینەسەر پاڵنەرەکان.

‏‎لە خێزاندا دایک و باوک دەوری باڵایان ھەیە لە ھاندانی منداڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھاوسەرگیری، ھۆکار چیە!؟ ھانی منداڵەکانیان دەدەن لەتەمەنی ھەرزەکاری یان مێرد منداڵی ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدەن؟.

‏‎زۆر جار لەزاریان، گوێبیستی ئەم ووتەیە دەبین کە دەڵێن:؛
‏‎"ئێمە نامانەوێ منداڵەکانمان توشی ھەڵەببن."

‏‎واتا پڕۆسەی ھاوسەرگیری بە گەڕانەوەی ھەڵەکان و لانەدانیان دادەنێن، ڕوونتر ئاماژەی پێبدەین، دووریان دەکات لە (پەیوەندی ناشەرعی و چوونەدەرەوەی شەوانە و خەرج کردنی پارە) لەبەر ئەوەی پێویستە بگر و خۆپارێزبێ بیخاتە خزمەتی ماڵ و منداڵ.

‏‎لێرەوە دایکان و باوکان ڕۆڵێ کارایان گێڕا لەکردنەوەی دەرگایەک بەڕووی کێشە گەورەکان،
‏‎ئەویش دەسپێکی ئەوژیانەیە کە پێویستی بەتەمەن و کاتی گونجاو کامڵ ھەبوو، بەھۆکاری ئەوەی ھێشتا خۆی ھەرزەکارە دەبێ بیر لە داھاتووی منداڵەکەی بکاتەوە، لەھەمان کاتدا لەڕووی جەستەی و ئەقڵیش بەتەواوی پێنەگەیشتوە ڕەنگە بچوکترین کێشە و نەتوانن بەرپرسیاریەتی ھەڵبگرن و بێزاربن، بیر لە جیابوونەوە بکەنەوە بڕیاری لێبدەن!.

‏‎لە ھەندێک حاڵەت ھیچ بەدیلێک نەبووە بۆ ئەو بۆشاییەی کە ھەیە لەھەرزەکار پێشنیازی پڕۆسەی ھاوسەرگیری بۆکراوە، حاڵەتی واشمان ھەبووە، لەبەر زۆری مادەو باشی گوزەرانیان، لەتەمەنی ھەرزەکاری پڕۆسەی ھاوسەرگیری(زەواج)یان پێ ئەنجام داون، یان ھانیان داون بۆ ئەم پڕۆسەیە.

‏‎لەناو کچانی ھەرزەکار، ھاوسەرگیری بەڕزگارکەر و دەرگای کردنەوەی خۆشیەکان دادەندرێت، زیاتر بە چاولێکەری لێکی وەردەگرنەوە کە دەبینێ ھاوڕێ خوێندکارەکەی لەگەڵیەتی، نمایش و سناپ و خۆجوانکردنی بەدەوام چوونەدەرەوەی زۆر دەکات، ئەویش بیر لەوەدەکاتەوە بە ھاوسەرگیری تەواوی ئەوشتانە بەدەستبھێنێت چونکە ھاوسەرەکەی بۆی دەکات!!.
‏‎بەوەش دادەبڕێ لەخوێندن و ڕەنگە دووگیانبێ، بۆ چارەسەر و بەردەوامی بیر لە جیابوونەوە (تەڵاق) دەکاتەوە.

‏‎جیابونەوەی بەشێکی زۆری مۆدێلەکان لەھاوسەرەکانیان، وەک ھاندانی بەدەوامی ھەرزەکارەکان بووە بەوەی ژنە مۆدێلەکان دوای جیا بوونەوەیان بوونەتە کەسانی بەناوبانگ و مۆدێل و جوان و خاوەن ژیانێکی شاھانەو خۆش، ھەرزەکاران بێ ئاگان لە لایەنە خراپ و ڕووخاوەکانیان.

‏‎بۆ ڕێگری لەبەردەم زۆری ڕێژەی جیابوونەوە، دەکرێ مەرجەکانی ھاوسەرگیری قورستر بکرێ و، توێژەرە کۆمەڵایەتیەکان چاڵاکی و بەرچاو ڕوونی زیاتر بدەن، مامۆستایانی ئاینی بەو ئەرکە ھەڵبستن لە ووتارەکانی ڕۆژانی ھەینیدا باس لە زیان و خراپیەکانی ھاوسەرگیری ھەرزەکاران بکەن، وەزارەتی پەروەردە ڕێگا نەدا بەوەی کەسانەی ھاوسەرگیری دەکەن تێکەڵ بکرێن لەگەل خوێندکارە سەڵتەکان.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations