هەواڵ- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پاپاو سیستانی باسی چیان کردوە؟

06/03/2021

702 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان رایگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان عەلی سیستانی و پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان باس لەو ئاستەنگییە گەورانە کراوە کە روبەڕوی مرۆڤایەتی بونەتەوە و جەخت کراوەتەوە لەوەی دەبێت رێبەرانی ئاینیی رۆڵیان هەبێت لەسنوردانان بۆ ئەو نەهامەتییانەی بەرۆکی جیهانی گرتوە.

نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە عەلی سیستانی پێشوازی لە پاپا فرانسیس پاپای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان کردوە، لەدیدارێکدا باس لەو ئاستەنگییە گەورانە کراوە کەروبەڕوی مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا بونەتەوە، لەگەڵ باوەڕ بە خوا، پەیامەکانی و پابەندون بە بنەما ئەخلاقییە بەرزەکان.
یاماژە بەوەشکراوە، سیستانی باسی لەو گرفتانەکردوە کە لەزۆرێک لەوڵاتاندا بونی هەیە لەوانەش ستەمکاری، هەژاری، ستەم لەسەر بنەمای جیاوازی ئاینی، پێشێلکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان و نەبونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەروەها ئاماژەیکرد بەوەی زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە بەدەست جەنگ، توندوتیژی، ئابڵوقەی ئابوری و هەڵمەتەکانی کۆچپێکردن دەناڵێنن، لەناو ئەوانەشدا دۆخی گەلی فەڵەستین لەسەر خاکی داگیراویدا.
نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان ئاماژەی بەوەشکردوە، سیستانی باسی لەکاریگەری رێبەرانی ئاینیی کردوە بۆ سنوردانان بۆ نەهامەتییەکان بە گرتبەری چارەسەرە دانایی و عەقڵانییەکان لەجێگەی شەڕو ناکۆکی، هەروەها داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هاوسۆزی مرۆڤایەتی لەسەرجەم کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ رێزگرتن لەبیروبۆچون و ئاینە جیاوازەکان.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations