هەواڵ- کوردستان

ئەمڕۆ تەرمی دکتۆر کەمال مەزهەر دەگاتەوە هەرێمی کوردستان

23/03/2021

306 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

تەرمی پڕۆفیسۆر دکتۆر کەمال مەزهەر دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان و بڕیارە سبەینێ چوارشەممە بگاتە شاری هەولێر و پاشان بەرەو شاری سلێمانی بەڕێبکرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، "وابڕیارە ئەمشەو تەرمی کەسایەتیی ئاکادیمیی و نیشتمانیی کوردستان، کۆچکردوی خۆشەویستمان بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر کەمال مەزهەر؛ بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو پێشوازیی بکرێت، لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا لە مەراسیمێکی تایبەتدا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشدارانی مەراسیمەکەوە پێشوازیی ڕەسمیی دەکرێت و بەرەو شاری سلێمانی ماڵئاوایی لێدەکرێت".

بەپێی پلانی پێشوازیەکە کە لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە دانراوە، رۆژی چوارشەممە لە دەروازەی شاری سلێمانیدا لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبوانەوە پێشوازیی دەکرێت و بە مەراسیمێکی شایستە  بۆ دوا ئارامگای خۆی لە گردی سەیوان بەڕێدەکرێت.
پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکردوە، "بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە پێویستە هەموان پابەندی ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان بن".
16ی ئەم مانگە، د. كه‌مال مه‌زهه‌ر مێژونوسی به‌ناوبانگی كورد له‌ ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد.

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations