هەواڵ- کوردستان

مەسرور بارزانی پەیامی هەیە

14/04/2021

583 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

لە  یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفالدا،مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، حكومەتی هەرێم، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی شاڵاوی ئەنفال لە عێراق دەکات، کار بۆ ئەوە دەکات خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا وتویەتی :" ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێدەپەڕێت، کە رژێمی لەناوچووی بەعس، بە ئامانجی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان، بە هەشت قۆناغ، هەزاران هاونیشتمانی بێتاوانی بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کرد، هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان كڵێسای کوردستانی خاپووركرد، رەز و باخ و كێڵگەی جوتیارانی سوتاند و كانیاوەكان تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لە ناوبرد."
وتیشی، " لەم یادە پڕ ناسۆرەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە."
نوسیوشیەتی، "حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، هاوکات کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکات ."
سەرۆکی حکومەت هیوادەخوازێت ئەو یادە، بکرێتە هاندەری پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانی و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو گەلانی ناوچەكە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations