هەواڵ- کوردستان

لە سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێ بۆ پاراستنی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە درا

17/05/2021

339 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

لە سلێمانی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە دەگرێتەبەر و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت:" ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەکرێتەوە".

راگەیاندنی قائمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 17 -5-2021, لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی پاراستنی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کۆبوەوە و رایگەیاند: بەھەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابروودا، رووبەرووی ٨٠٠ دۆنم زەوی سەوز کراوە و نزیکەی ١٠٠ ھەزار نەمام لە چیاکە رووێنراوە ئەمە جگە لەو ھەزاران دارەی کە خۆی لە چیاکەدا ھەیە، لە کۆبوونەوەکەدا
دوای ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکرنی بژاردەکان بۆ پاراستنی چیاکە بڕیاری جێبەجێ کردنی ئەم خاڵانە درا و قائیمقامی سلێمانیش رایگەیاند ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی رێکارو سزای یاسایی دەکرێتەوە.
١.لەزووترین کاتدا دەست دەکرێت بە ئاگر بڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاکە.
٢.کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان ھەبێت و پابەند دەکرێن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن .
٣. مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.
٤.ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٥.تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاکەو ئەگەری ئاگر کەوتنەوە.
٦.تیمی ھێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتووچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.
٧.داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە بڵاوکردنەوەی ھەڵمەتێکی فراوانی ھۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی ھاوکارمان بن .

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations