هەواڵ- کوردستان

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو کرێکارەى ڕاگەیاند کە خاوەنکارەکەی کوشت

12/06/2021

688 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو کرێکارەى ڕاگەیاند کە دوێنێ لە سلێمانی خاوەنکارەکەی کوشت و ئۆتۆمبێلەکەی ڕفاند و بەرەو تکریت کە خۆی خەڵکی ئەوێیە هەڵهاتووە. 

ئەمرۆ شەممە، ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەى دوێنێ لە گەڕەکی ئازادی شارى سلێمانى هاوڵاتیەک بەناوى (عوسمان حمەسەعید) کوژرا و ئۆتۆمۆبیلەکەى لە جۆرى تۆیۆتۆ لاندکرۆزەر ستێشن دزرا، تاوانبارى تاوانەکە هەڵهاتووە و ئۆتۆمۆبیلەکەى بەرەوخواروى عێراق بردبوو."  
دەشڵێت، "دەستبەجێ هێزەکانمان بە فەرمانى دادوەر و بەپێی ماددەى (406) لە یاسایى سزادانى عێراقى و بەسەرپەرشتى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانى (بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى پارێزگاى کەرکوک + دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق + ژورى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى بەغداد + قیادەى پۆلیسى پارێزگاى صلاح الدیین) توانیمان ناسنامە و شوێنى دانیشتى کەسى تاوانبار بەناوى (س, ح, ح, ت) کە لەدایکبووى ساڵى 1998ـە لە تکریت دەست نیشان بکەین."  
جەختی کردووەتەوە کە "تاوانبار دەستگیرکراوە و دەستیشگیراوە بەسەر بەسەر ئۆتۆمۆبیلە دزراوەکەدا."  
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە. "تاوانبار ماوەى چەند مانگێکە هاتووەتە شاری سلێمانى و نیشتەجێبووە، بەردەوام کارى بۆ کوژراوەکە کردووه، دواى ئەنجامدانى تاوانەکەى بە ئۆتۆمۆبیلەکەیەوە هەڵدێت بۆ شارى تکریت، لە ئۆپراسیۆنیێکى هاوبەشدا لە سەر زانیاریەکانى ئاسایشى پارێزگای سلێمانى و لەلایەن تیمیکى هاوبەشەوە کەسى داواکراو لەماوى کەمترلە 24 کاتژمێردا دەستگیربکرێت و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەى بەردەوامە."  

 

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations