هەواڵ- کوردستان

سعودیە بڕیاری کۆتایی لەبارەی حەجی ئەمساڵەوە دەرکرد

12/06/2021

441 جار خوێندراوەتەوە


وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە بڕیاری دا تەنها 60 هەزار کەس بەشداری مەراسیمی ئەمساڵی حەج بکەن و ئەو کەسانەش دەبێت هاوڵاتی و دانیشتووی سعودیە بن، واتە هیچ کەسێک لە دەرەوەى سعودیە بۆی نییە بەشداری بکات. 

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو کەسانەی ئارەزوو دەکەن ناوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار بکەن، دەبێت باری تەندروستیان جێگیربێت و ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرت بێت یان ١٤ رۆژ بەسەر وەرگرتنی ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیدا تێپەڕبووبێت یان پەتای کۆرۆنای تێپەڕاندبێت.
دەشڵێت، ئەو کەسانەی دەتوانن حەج بکەن دەبێت تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٥ ساڵ بێت و نەخۆشی درێژخایەنیان نەبێت.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، پابەندکردن و سنوردارکردنی ژمارەی حاجیان لە پێناو پاراستنی دۆخی تەندروستییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن حاجی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودییە دەکەن، بەڵام لە ساڵی رابردوووەوە بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج راگیرا، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی سعودیە رێگەیاندا هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان بە رێژەیەکی دیاریکراو و بە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزییەوە هەردوو مەراسیمی حەج و عەمرە ئەنجامبدەن.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations