هەواڵ- کوردستان
ئەو گروپە كێیە بەرپرسیارێتی سوتاندنی بازاڕی لەنگەی لە ئەستۆ گرت؟
بەرگری شارستانی هەولێر لەوبارەیەوە چی دەڵێت؟
مەترسییەكانی سەر هەولێر جدیین؟
گروپێكی رەگەز پەرستی توركیا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئاگركەوتنەوەی بازاری لەنگەی هەولێر راگەیاندو هۆشداریشدەدات. بەرگری شارستانی هەولێریش دەڵێت، ئاگاداری بەیاننامەكەین و بەدواداچوون دەكەین و هەفتەی داهاتوو هۆكارەكەی ئاشكرا دەكەین كە ئایا بە دەستی تاوان ئەو كارە كراوە یاخود رووداوێكی خۆرسك بووە.
گروپی میساقی میلـلی توركی لە راگەیەندراوێكدا كە لە پێگەی فەرمی خۆی كە لۆگۆكەی رووبەری خاك و ئاڵای توركیای لەسەرە رایگەیاند: ئێمە بەرپرسین لە سووتاندنی بازاڕی لەنگەی هەولێر و پیرۆزبایی لە ئازایەتی سوپا شكۆمەندەكەمان دەكەین.
ئەو گروپە باسی لەوەشکردووە، هەڵۆ باڵ ئاسنینەكانمان لە باكوری سوریا لەناوبرد، هەروەها AHD و رێكخراوی NATIONALمان لە بازاڕی كەركوك سوتاند و ئێستاش لەنگەی هەولێرمان بەتەواوەتی وێرانكرد.
هۆشداریشیانداوە لەوەی گوێ لە بانگەوازەكەیان بگرن و خەڵکی کوردستان تەسلیمیان ببن و ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر هەڵبکەن، بەپێچەوانەوە بەردەوام دەبن لە چالاكییەكانیان.
لەوبارەیەوە کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر تایبەت بۆ #کۆباس وتی، لە سۆشیال میدیا ئەو راگەیەندراوەمان بەرچاو کەوتووە و بۆ ئێمە تا ئێستا روون نییە ئەو کارە دەستی تاوانی لە پشتەوە بێت یاخود خۆرسکە، بەڵام بە گرنگییەوە سەیری ئەو راگەیەندراوە دەکەین و بەدواداچوونی لەبارەوە دەکەین و هەفتەی داهاتوو راپۆرتی کۆتایی لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە ئاشکرا دەکەین.
هاوكات
لەلایەکی دیکەوە محەمەد سەعدەدین سەرۆكی حزبی گەشەپێدانی توركمان رایگەیاندووە، بۆ یەكەمجارە گوێم لەناوی گرووپێك بێت لەو جۆرە، نەمزانیوە ئەو گرووپە نە لە كوردستان نە لە عێراق و نە لە توركیاش بوونی هەبووبێت.
گروپی میساقی میلـلی توركی رێکخراوێکی تیرۆریستیە سەر بە دەزگای میتی تورکییە و گورگە بۆرەکان راهێنانیان پێدەکات و بەرەی تورکمانی و حزبە تورکمانییەکانی وابەستە بە میت کارئاسانیان بۆ دەکەن.