هەواڵ- کوردستان

ئەو کچەى بە هونەرەکانى شەڕکردن هەمووانى سەرسام کردووە..

08/03/2024

101 جار خوێندراوەتەوە


سێوە خەسرەو، كچێكی شاری سلێمانییەو تەمەنى 26 ساڵە و دەرچووی بەشی كۆمپیوتەرە، لەبەر حەزی زۆری بۆ هونەری بەرگری «شاوڵین» دەبێتە مامۆستای كۆنفۆ.

ئەو زیاتر لە شەش ساڵە مەشق و راهێنان لەو وەرزشەدا دەکات و ئێستا خۆیشى مامۆستایە و منداڵان فێرى هونەرەکانى شەڕکردن دەکات.
سێوە لەگەڵ هاوسەرەکەى فێرگەیەکیان کردووەتەوە و کچ و کوڕ و منداڵ لە فێرگەکەیان مەشق دەکەن.
هەرچەندە سەرەتا بۆ سێوە زەحمەت بووە بەڵام بە خەونەکەى گەیشت و پێش ئەوەى هاوسەرگیرى بکات، دایک و باوکى بۆ ئەو خەونەى لە پشتى بوون، کاتێکیش کە هاوسەرگیرى کرد، هاوسەرەکەى کە هەر مامۆستاى ئەو وەرزشەیە، زیاتر پشتى گرت و خۆى دەڵێت، بۆ ئەوەى ببم بە ئەم سێوەیەى ئێستا زۆر ئازارى داوم لە کاتى مەشقەکاندا.

ئەو بەشدارى چەندین پاڵەوانێتى جیهانى کردووە و خەڵاتى گەورەى بەدەستهێناوە، لەبارەى کارەکەیەوە سێوە دەڵێت، ئەم هونەرە ناخ و جەستەو توانای مرۆڤ بەهێز ئەكات، یەكێك بووم لەو كچانەی زۆر شەرمن بووم، بەڵام ئێستا گۆڕاوم و بەهێزم.
ئەو کاتێک جل و بەرگى ئەو وەرزشە لەبەردەکات و دەست بە مەشقکردن دەکات، نازانیت کە ئەوە کچێکى کوردى خەڵکى شارى سلێمانییە، بەڵکو وادەزانى خەڵکى چینە و خوشکى جاکى چانە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations