هەواڵ- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وادەی گەیشتنی ڤاکسین بۆ عێراق ئاشکرا کراو هەرێمیش چاوی لە بەغدایە

03/12/2020

1491 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

مانگى ئاداری ٢٠٢١ یەکەم کاروانی ڤاکسینى کۆمپانیاى فایزەر دەگاتە عێراق و وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش ئاماژە بەوەدەکات لەو بڕە ڤاکسینە بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.

ریاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند، لە مانگى ئادارى داهاتوودا یەکەم کاروانی ڤاکسینى كۆرۆنای کۆمپانیاى فایزەر دەگاتە عێراق، کە بڕه‌كه‌ی 600 هەزار ڤاکسینه‌ و بۆ 300 هەزار کەس، بە دوو قۆناغ بەکاردەهێنرێت.
بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق رونیشیکردەوە، بۆ دابینکردنى ڤاکسینى کۆمپانیاى فایزەر پێویستیمان بە 208 ملیۆن دۆلار هەیە و کۆمپانیاکە پێشنیارى فرۆشتنى 9 ملیۆن ڤاکسینى بۆ عێراق کردووە، كه‌ نرخی هەر ڤاکسینێک بە 12 دۆلارە، بۆ ئەو مەبەستەش مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران، رێنمایى داوەتە وەزارەتى دارایى بۆ دابینکردنى پارە. 

هاوکات ، دکتۆر خاڵس قادر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە "لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەماهەنگی بەردەوامداین، هەرکات عێراق ڤاکسینی کۆرۆنای دابینکرد، بەشی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت."
جەختیشیکردەوە"تائێستا لە مەسەلەی ڤاکسیندا گرفتیان نەبووە، بەردەوام لەلایەن عێراقەوە دابینکراوە و بەشی هەرێمیش دراوە."

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations