هەواڵ- ڕاپۆرت

بەهۆی جوانكارییەوە توشبوون بە ئەیدز تۆماركرا

پێش 2 هەفتە

189 جار خوێندراوەتەوە


بەهۆی جوانكارییەوە توشبوون بە ئەیدز تۆماركرا
مەترسی دروستبووە و داوای ئەنجامدانی پشكنین دەكرێت 
پزیشكانی جوانكاری لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟ 
وەزارەتی تەندروستی هاتە دەنگ و رێنمایی دەداتە هاوڵاتییان

لەنوێترین پێشهاتدا بەهۆی جوانکاریی بێمۆڵەتەوە چەند خانمێك تووشی ئەیدز بوون و ئەم رووداوەش لە ئەمریکا تۆمار كراوە و  هۆكارەكەشی ئەوە بووە کە لە سەنتەرێکی بێمۆڵەتی وڵاتەکە سێ خانم پلازمای دەموچاویان کردووە و  هەرسێکیان تووشی  ئایدز  بوون  ئەوەشی نیگەرانی دروستكردووە دەوترێت لە ئەمریكا ئەم مەترسییە هەبێت  دەبێت لە عێراق و هەرێمی كوردستان دۆخەكە خراپتربێت  چونكە وەكو باس دەكرێت زۆربەی جوانكارییەكان بەرێنمایی ناكرێن و  مەوادەكانیش هەندێك كات بە رێگەی قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان.  دكتۆر دیار عەبدولواحید دكتۆرا لە نەشتەرگەری جوانكاری تایبەت بۆ كۆباس وتی،  هەموو جوانكارییەك ئەگەر نەشتەرگەری بێت یا نەشتەرگەری نەبێت  پێویستە كەسی داواكار بۆ ئەنجامدانی جوانكارییەكە پشكنینی ڤایرۆسی ئەنجامبدات و  هەر جوانكارییەك دەرزی تێدا بەكارهات  پێویستە نەخۆشەكە پشكنینی هەوكردنی جگەر و ڤایرۆسی ئەیدزی بۆ بكرێت  ئیتر جوانكارییەكە بۆتۆكس یا فیلەر یا پلازما بێت  چونكە ئەگەر كەسێك هەڵگری ڤایرۆس بێت و ئەو جوانكارییانە بكات 
ئاسانترین رێگەیە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆس  لە كەسی توشبووەوە بۆ پزیشكەكە یاخود ئەو کەسەی جوانكاری دەكات.  باسی لەوەشكرد، ئەو پزیشكەی پسپسۆڕی نەشتەرگەری جوانكاری بێت  مپابەندی ئەو پشكنینانە دەبێت پێش جوانكارییەكە و  جگە لەوەش ئامێری تەعقیم و پاككەرەوەیان هەیە  بۆ ئەو ئامێرانەی لەكاتی جوانكارییا دووبارە بۆ كەسێكی دیكە بەكاردەهێنرێنەوە.  ئەو پزیشكەی جوانكاری ئاشكراشیكرد،  هەر سەنتەرێكی جوانكاری پشكنینی پێشوەختی ڤایرۆسی نەكات  مەترسی هەیە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە. لەسەر توشبوونی ئەو خانمانەی لە ئەمریكا بەهۆی جوانكارییەوە توشی ئایدز بوون  لە ئێستادا سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا هاتووەتە دەنگ و دەڵێت، 
ئەمە یەکەمجارە بەهۆی دەرزیی جوانکارییەوە ڤایرۆسەکە بگوازرێتەوە. هاوكات دكتۆر كاوە خەلیل بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی  تایبەت بۆ كۆباس وتی،  هەر پێداویستییەكی پزیشكی دێتە هەرێمی كوردستان پشكنینی بۆ دەكرێت و  دوای دڵنیابوونەوە دەخرێتە بازاڕەكان و لەگەڵ ئەوەش هەندێك كات  بە ڕێگەی قاچاخ هەندێك ماددە دێتە هەرێمی كوردستان بەنمونە كەسێك لە وڵاتانی دەرەوە  ژمارەیەكی كەم پێداوستی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و دواتر بەكاری دەهێنێت  ئەمە نا یاساییە و پێویستە هاوڵاتییان ئاگادار بن و لەكاتی هەر جوانكارییەك یا سەردانی نەخۆشخانەیەك  چاودێری ئەو مەوادە پزیشکییانە بکەن بۆیان بەکاردەهێنرێت  تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی ستیكەری وەزارەتی تەندروستی پێوەیە  یا لەكاتی هەڵبپچڕینی دەرزیەك بەدواداچوون بكەن بزانن پێشتر بەكارنەهێنراوە.  بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ كۆباس دڵنیاییدا لەوەی،  تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی جوانكارییەوە هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی ئایدز تۆمار نەكراوە. 
ئەوەشی وت، وەكو وەزارەتی تەندروستی و تیمەكان بەردەوام بەدواداچوونیان هەیە و لە هەرشوێنێك سەرپێچی هەبێت رێگەی پێنادرێت و كەسی كەمتەرخەم روبەڕووی یاسا دەكەینەوە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations