هەواڵ- ڕاپۆرت

موچەخۆرانی هەرێم ڕزگاریان دەبێت لە هەواڵی بەپەلەی مووچە؟

26/02/2024

137 جار خوێندراوەتەوە


موچەخۆرانی هەرێم ڕزگاریان دەبێت لە هەواڵی بەپەلەی مووچە؟
چۆن مووچەی یەک ساڵی موچەخۆرانی هەرێم گرەنتی کراوە ؟
کەی و چۆن موچەی ئەم مانگە دابەش دەکرێت؟


لەدواى بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى، هەموان دڵخۆشبوون کە ئیتر کێشەى مووچە کۆتایی دێت و مانگانە فەرمانبەرانى هەرێم بەبێ دواکەوتن مووچەکانیان وەردەگرن..
ئەمڕۆ وەزیرى دارایی عێراق چووە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەى داریی هەموو ئەو پرسانەى یەکلایی کردەوە کە تایبەتە بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و جێبەجێکردنى بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى..
دکتۆر نەرمین مەعروف جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کۆباسى راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆدا وەزیرى دارایی پێى وتوون، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە و پێویستە ئەوانیش هاوکارییان بکەن و مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 زامن کراوە.
وتيشى، تەیف سامى پێى راگەیاندوین کە ناردنی مووچەی ئەم مانگە پەیوەست دەبێت بە پێشکەشکردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ مانگى سێ پڕۆسەکە دەگۆڕێت و  دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەژماری بانکی خۆیان هەبێت، لەمەودوا دابەشکردنی مووچە بە شێوازی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی بانکەکانی حکومەتی عێراق دەبێت، بەدەر لەوە پارە نانێرێت..
بەپێى بڕیارەکە دەبێت تاوەکو مانگی ئادار تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژماری بانکیی بکەنەوە کە بەگوێرەی دادگای فیدراڵی دەبێت هەژمارەکان لە لقە سەرەکییەکانی بانکەکانی رافیدەین، رەشید و تی بی ئای بن.
ئەوەى کە گومانى دروستکردووە لەوەى کێشەى مووچە بە تەواوى چارەسەر بێت، ئەوەیە کە فەرمانبەرانى هەرێم هەژمارى بانکیان نییە و مەرجى وەزیرى داراییش ئەوەیە کە مانگى سێ هەموو فەرمانبەران هەژمارى بانکیان هەبێت..
ئێستا دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو شارانەی ئەو بانکانەی عێراقی تێدان هەژماری بانکیی بکەنەوە. بۆ نموونە؛ بچنە لقەکانی بەغدا، یان هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق کە ئەو بانکانەی تێدان، چونکە ئەو بانکانە جگە لە تی بی ئای هیچ لقێکیان لە هەرێمی کوردستان نییە. بەڵام دواتر دەتوانن داوا بکەن مووچەکەیان لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، بۆ ئەوەش بانکە عێراقییەکە راستەوخۆ رەوانەی دەکات بۆ سەر بانکێکی کوردستان بۆیان.
سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە بەشداربووە لە کۆبوونەکە دەڵێت لە وەزیرى داراییم پرسیوە حکومەتی عێراق بە 7 ساڵ توانیویەتی حساب بانکی و کارتی بانکی بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت دروستبکات ، هەرێم چۆن دەتوانێت بە مانگێک ئەوە بکات ئەوە قورسە، تەیف سامی لە وەڵامدا وتویەتی ؛ من ناچمە ئەو وردەکارییەوە، ئەوە ئیشی حکومەتی هەرێمە چارەسەری بکات.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر لەماوەى یەک مانگدا فەرمانبەرانى هەرێم هەژمارى بانکى دروست نەکەن، چارەنوسى مووچە چى لێدێت، کۆباس بۆ وەڵامى ئەو پرسە بەدواداچوونى کرد و ئەحمەدى حاجى رەشید پەرلەمانتارى پێشووى عێراق رونى دەکاتەوە کە چۆن مووچە دابەشدەکرێت.
ئێستا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم کۆتایی هاتووە مانگانە لەکاتى خۆیدا مووچە وەردەگرن، بەمەرجێک حکومەتى هەرێم هیچ رێگرییەک دروستنەکات.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations