هەواڵ- ڕاپۆرت

بۆچی رێگری دەکرێت لە گەیشتنی کاڵای سلێمانی بە پایتەختی هەرێمی کوردستان؟

27/02/2024

130 جار خوێندراوەتەوە


بۆچی رێگری دەکرێت لە گەیشتنی کاڵای سلێمانی بە پایتەختی هەرێمی کوردستان؟ 
وەزارەتی بازرگانی مەترسییەکان ئاشکرا دەکات و داوای چارەسەر دەکات 
ژووری بازرگانی هەردوولا هاتونەتە دەنگ و لەهەوڵدان 

ماوەی نزیکەی شەش مانگە ناردنی هەندێک شتومەک و کاڵا لە سلێمانییەوە  رێگەی پێ نادرێت بگاتە هەولێر و  ئەوەش نیگەرانی لای بازرگانان دروستکردووە و  داوای چارەسەرکردنی ئەو دۆخەکە دەکەن  هاوکات ژووری بازرگانی هەولێریش  لەسەر ئەم پرسە روونکردنەوە دەدات و ئاماژە بەوەشدەکات  لە سلێمانیش 20 رۆژە رێگری دەکرێت.  وەزارەتی بازرگانی هەرێمیش ئەو راستییە ئاشکرا دەکات  کە چارەسەری ئەم پرسە پێویستی بە  رێککەوتنی سەر و ئەنجومەنی وەزیرانیش هەیە.  کازێو کاوە ئەندامی ژووری بازرگانی سلێمانی  تایبەت بۆ #کۆباس وتی:  ماوەی دوو مانگە سکاڵامان پێگەشتووە کە ڕێگری  لە نزیکەی 15 جۆری ماددە و خۆراک دەکرێت  لە سلێمانییەوە رەوانەی هەولێر بکرێت و  بۆ ئەوەش ژمارەیەکی زۆری سکاڵاو  نیگەرانی بازرگانانمان بەدەست گەیشتووە، بەڵام یەک بازرگانی هەولێر سکاڵای نەکردووە  لە سلێمانییەوە ڕێگری کرابێت 
تەنها لە ژووری بازرگانی هەولێرەوە  نوسراوێکمان بەدەست گەیشتووە  کە دوو جۆر کاڵا ڕێگری دەکرێت بێتە سلێمانی. بەپێی زانیارییەکانی کۆباس ئەو ماددانەی ڕێگری دەکرێت  لە سلێمانییەوە رەوانەی هەولێر بکرێت بریتییە لە  (مۆبایل و پێداویستی مۆبایل، جگەرە بەهەموو جۆرەکانییەوە، معسل بەهەموو جۆرەکانییەوە، جگەرەی کارەبایی بە هەموو جۆرەکانییەوە،  مریشک، هێللکەی خواردن و هێلکەی تروکاندن،  خورما، دەرمانی کشتوکاڵی، دەرمانی ڤێتنەری،  توتنی جگەرە، فلتەری جگەرە، 
تامی جگەرەی کارەبایی، خواردنەوەی وزە بەخش،  کەرەستەی سەرەتایی کۆنکرێت، ماتۆڕسکیل و ئەشیای ماتۆڕسکیل). لەوبارەیەوە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر  تایبەت بۆ کۆباس وتی، 
ماوەی 10 رۆژە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەداین و  نوسراومان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و  وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری هەولێریش کردووە و  لە بەدواداچوونی بەردەوامین تاوەکو ئەو کێشەیە بنبڕ بکرێت،  باسی لەوەشکرد، ئەوەی جێگەی سەرنجە  ماوەی 20 رۆژە لە بازگەکانی سلێمانیش  ڕێگری لە کەلوپەلە ئەلیکترۆنی و کارەبارییەکان دەکرێت  کە لە هەولێرە رەوانە دەکرێت و  بۆ ئەوەش سکاڵایەکی زۆرمان پێگەشتووە  بەڵام هیچ سکاڵایەکمان لەلایەن بازرگانانی سلێمانی پێ نەگەیشتووە.  بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس  ڕێگرییەکانی لە ناردنی ئەو کەلوپەلانەی لە هەولێرەوە دێنە سلێمانی  تەنها دوو جۆرە و ڕێگرییەکەش بۆ ئەوەیە  کە نزیکەی شەش مانگە لە بازگەکانی هەولێرەوە  ڕێگری دەکرێت لە ناردنی نزیکەی  15 جۆری ماددە و خواردەمەنی. کۆباس بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیکرد بە  کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم و ئاشکرایکرد،  ئێمە هەستمان بەو مەترسییە کردووە و  ئەو پرسە بە سیاسی کراوە و 
هەوڵدەدەین پرسەکە بگەیەنینە ئەنجومەنی وەزیران و پێشمان وایە لەسەر و ئەنجومەنی وەزیرانیش رێککەوتنی دەوێت

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations