هەواڵ- ڕاپۆرت

ئەو گەنجەى دواى لەدەستدانى قاچەکانى سوجدەى شکور دەبات

02/03/2024

92 جار خوێندراوەتەوە


ئەو گەنجەى دواى لەدەستدانى قاچەکانى سوجدەى شکور دەبات
کاتێک قاچەکانى لەدەستدا دایکى بۆى بوو بە دارشەق..
دایکى دەچووە ژێر باڵى تا کوڕەکەی بەڕێگادا بڕوات..
لەدەستدانى قاچەکانى نائومێدیان نەکرد، بەڵکو بوو بە ئومێد بۆ هەزارانى دیکە..


سەرکۆ رەحیم، خاوەن پێداویستییەکی تایبەتە و خەڵکى هەڵەبجەیە لە ساڵى ١٩٩٤ بەهۆى رووداوى هاتوچۆوە قاچەکانى لەدەستداوە.. سەرکۆ باسى ئەو کاتانە دەکات کە چۆن دواى لەدەستدانى قاچەکانى دایکى بۆى بووە بە دارشەق و چووەتە ژێر باڵى بۆ ئەوەی بەڕێگادا بڕوات.. ئەو چیرۆکی لەدەستدانی قاچەکانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ئه‌و كاتە منداڵبووم و لە خوێندنگە دەمخوێند و دوای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، هاوکاریی باوکمم دەکرد و دەچووم بۆ سلێمانی و کەلوپەلی وشکەم دەهێنایەوە و ئەو دەیفرۆشت، بەیانییەکیان باوکم پێی وتم هەندێک کەلوپەلمان پێویستە لە سلێمانی بۆمان بکڕیت، منیش ئەو رۆژە سواری پاسبووم و لە پێشی پاسەکە لەگەڵ شۆفێر و سەرنشینێکی دیکەدا دانیشتبووم، لە گوندی قەدەفەری پاسەکەمان تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو، ئەو دوو نەفەرەی تەنیشتم و چوار سەرنشینی دیکە لەو رووداوەدا گیانیانلەدەستدا.. خودا گیانى سەرکۆى لەو رووداوە پاراست و دوای رووداوەکە ئەویان لە پاسەکە دەرهێنا و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام هەردوو قاچى بۆ هەمیشە لەدەستدا و ئیدى ئەو لەرۆژەوە سەرکۆ نەیتوانى لەسەر قاچەکانى خۆى بوەستێت، بەڵام ئەم رووداوە ئەو گەنجەیان نائومێد نەکرد، بەڵکو ئێستاش دەچێتەوە شوێنى رووداوەکە و سوجدەى سوپاسگوزارى دەبات..
سەرکۆ لەدواى لەدەستدانى قاچەکانى بێ هیوا نەبوو لە ژیان، بەڵکو بەردەوام بوو تا گەیشتە ئەوەى ببێتە هیوا بۆ هەزاران خاوەن پێداویستى تایبەت و تا ئێستا زیاتر لە 16هەزار کورسی بۆ تووشبووانی ئیفلیجی و دەیان قاچی دەستکردی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابینکردووە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations