هەواڵ- ڕاپۆرت

چارەنوسى گۆڕانى سێ چى بەسەردێت؟

02/03/2024

145 جار خوێندراوەتەوە


چارەنوسى گۆڕانى سێ چى بەسەردێت؟
سێیەم گۆڕان لە یەکێتى جیا دەبێتەوە..
لەدواى گۆڕانى نەوشیروان مستەفا و بەرهەم ساڵح
چى بەسەر گۆڕانى لاهور شێخ جەنگیدا دێت؟

یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، یەکێکە لەو حزبانەى زۆرترین حزب و لایەنى لێ جبابووەتەوە،  بەڵام هەر بەپێوە وەستاوە و نەکەوتووە.. ,مێژووى یەکێتى پڕە لە جیابوونەوە و دروستکردنى حزبى نوێ،  ,لەوانە لە ساڵى ١٩٧٩  بەشێک لەباڵى بزوتنەوەى سۆسیالیست  لە یەکێتى جیابوونەوە و حزبى سۆسیالیستیان دامەزراند.. ساڵى ١٩٨٥ مەلا بەختیار و ژمارەیەک سەرکردە  جیابوونەوە و ئاڵاى شۆڕشیان دامەزراند.. ساڵى 2008 رەوتێک بەناوى  رەوتى گۆڕینى دیموکراسى (رەگ) لە یەکێتى جیابووەوە.. جیا لەمانە ئەوەى زۆر دەنگدانەوەى لە کوردستان دروستکرد،  جیابوونەوەى نەوشیروان مستەفا بوو لە یەکێتى و  دروستکردنى بزوتنەوەى گۆڕان بوو لە ساڵى 2009،  ,کە توانى حزبێکى جەماوەرى دروست بکات،  ئەوە زەبرێکى توند بوو بەر یەکێتى کەوت، 
بەڵام یەکێتى نەکەوت، هەرچەندە دەنگەکانى زۆر کەمى کرد،  بەڵام دواتر زۆر بەهێز دەرکەوتەوە،  کەچى بە پێچەوانەوە بزوتنەوەى گۆڕان وردە وردە بەرەو پوکانەوە رۆیشت  تا کار گەیشتە ئەوەى  دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هیچ کورسییەک بەدەستنەهێنێت.. ساڵى 2018 بەرهەم ساڵح لەیەکێتى جیابووەوە و  هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى دامەزراند و  بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا کرد،  هەرچەندە پێشبینى دەکرا دەنگێکى زۆرى یەکێتى بەرێت،  بەڵام تەنها دوو کورسى بەدەستهێنا و دواتریش وازى لە حزبەکە هێنا و گەڕایەوە ناو یەکێتى.. بەوپێیەى بەرهەم ساڵح، لەدواى نەوشیراون مستەفا، یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانى ناو یەکێتى و جێگرى سکرتێرى گشتیی بوو، دروستکردنى حزبەکەى بە گۆڕانى دووەم ناودەبرا 
بەڵام چارەنوسى بە نەمانى حزبەکە کۆتاییهات.. ئەوەى ئێستا بڕیارە دروستبکرێت،  حزبەکەى لاهور شێخ جەنگییە و بە گۆڕانى سێ ناوى دەهێنرێت.. قسەى زۆر لەسەر حزبەکەى لاهور شێخ جەنگى دەکرێت و 
دەوترێت کە بە حوکمى ئەوەى لەناو یەکێتیدا بووە،  بەشێکى دەنگەکانى یەکێتى دەبات بۆ خۆى،  بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە چارەنوسى گۆڕانى سێ،  لە چارەنوسى گۆڕانى یەک و دوو باشتر نەبێت،  چونکە دوو گۆرانەکەى پێشوو  لەسەر دەستى دوو سیاسى و کەسایەتى  خاوەن توانا و پێگەى جەماوەرى دامەزران  کە دامەزرێنەرى گۆڕانى سێ،  توانا و پێگەى جەماوەرى ئەوانى نییە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations