هەواڵ- ڕاپۆرت

جەلادى خواردن لەگەڵ بیڵ گەیتس هەراى نایەوە..

03/03/2024

111 جار خوێندراوەتەوە


جەلادى خواردن لەگەڵ بیڵ گەیتس هەراى نایەوە..
ئەو پیاوەى لەناو کورددا بە خواردنە پیسەکانى بەناوبانگە، بیڵ گەیتس بە خواردنەکانى سەرسامە..
پێى دەوترێت دڵى کچان و جەلادى خواردن، کەچى یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانى جیهان ناناسێت..

دۆڵی چایواڵا گەنجێکى هندییە و لەسەر شەقام خواردن دروستدەکات و دەیفرۆشێت و ناوبانگێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیداکردووە و ڤیدیۆکانی ملیۆنان بینەریان هەیە. ئەوەى ئەم کوڕەى بەناوبانگ کردووە ئامادەکردنى خواردنەکانییەتى کە لەسەر شەقامەکاندا بە شێوازێکی جیاواز خواردن و چا و خواردنەوەی گەرم پێشکەش بە کڕیارەکانی دەکات.. دۆڵی چایواڵا لەناو کوردیشدا بەناوبانگە و پێیدەوترێت جەلادى خواردن و دڵى کچان، لەبەر خواردنەکانى پێى دەوترێت جەلاد و لەبەر ئەوەش کە کچان دەچنە لاى و وێنەى لەگەڵ دەگرن پێى دەڵێن دڵى کچان. ئەو جگە لەوکاتەى کە کاردەکات و خواردن ئامادە دەکات، بەشێوەیەکى شیک خۆى دەگۆڕێت و بەردەوام عەینەک لەچاو دەکات و بە پارەوە خۆى نمایش دەکات..
ئەو لە چەند رۆژى رابردودا بەهۆى سەردانى یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانى جیهان بۆ لاى، زیاتر بەناوبانگ بوو، بەڵام نەیدەزانى ئەو کەسە کێیە. بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و ملیاردێری جیهان، لە گەشتێکیدا بۆ هیندستان سەردانی ئەو گەنجەى کرد و کورتە ڤیدیۆیەکی لەلای عەرەبانەی گەنجە هیندییەکە تۆمارکردووە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە تیایدا نووسیویەتی: " لە هیندستان رووبکەیتە هەر جێگایەک دەتوانیت نوێگەری بەدی بکەیت، تەنانەت لە ئامادەکردنی کوپێک چای سادەشدا".
کورتە ڤیدیۆکە ملیۆنان بینەری هەبووە و بەهۆیەوە لە ئێستادا گەنجە چایچییەکە هێندەی تر لە جیهاندا ناسراوە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی وڵاتەکەی دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نەبووم، تەنیا وامزانی ئەو کەسێکە لە وڵاتێکی بیانییەوە هاتووە و منیش دەبێت چای پێشکەش بکەم. دەشڵیت، هیچ قسەیەکمان نەکرد، ئەو لە تەنیشمەوە راوەستابوو و منیش سەرقاڵی کارەکەم بووم، ئەو چایەکەشمی بەدڵ بوو و وتی: 'واو'.
ئێستا دۆڵی چایواڵا دەرگایەکى دیکەى بەناوبانگبوونى بەڕوودا کراوەتەوە و پێدەچێت بە تەواوى ببێت بە جەلادى خواردن و دڵى کچان.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations