هەواڵ- ڕاپۆرت

بافڵ تاڵەبانى مژدەى راگەیاند و مەسرور بارزانیش هۆشدارى دەدات..

05/03/2024

167 جار خوێندراوەتەوە


بافڵ تاڵەبانى مژدەى راگەیاند و مەسرور بارزانیش هۆشدارى دەدات..
لە یەککاتدا دوو پەیامى جیاواز، یەکیان دڵخۆشکەر بۆ هاوڵاتیان و ئەوەى دیکە ترسى لەدەستدانى دەسەڵات..
لە یادى راپەریندا مژدەى شۆڕشێکى نوێ لە پێناو ژیانى هاوڵاتیاندا درا..
ئیدى هەڵەکان راستدەبنەوە، سیاسەت لەپێناو خزمەتکردنى هاوڵاتیاندا دەکرێت..
ئیدى ژیانى خەڵک پێش هەموو شتێک دەخرێت، خاڵى یەکەم و کۆتایی ژیان و گوزەرانى خەڵکە.

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر راپەڕینە مەزنەکەى گەلى کورددا تێدەپەڕێت کە لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە چەخماخەی سەند و بە ماوەیەکی کەم زۆربەى ناوچەکانى هەرێمى کوردستانى گرتەوە و  لەدوا وێستگەشدا لە شاری کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.
دواى تێپەڕبوونى ٣٣ ساڵ بەسەر ئەو راپەڕینەدا، چەند ساڵێکە خەڵکى هەرێم ئاوات بۆ پێش راپەڕین دەخوازن، بەهۆى سیاسەتى هەڵەى حکومەتى هەرێمەوە، خەڵک لەو پەڕى خراپى ژیان و بێ مووچەییدایە و داد و بێدادیانە بەدەست حکومەتەوە.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە یادى راپەڕیندا پەیامێکى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوای پشتوانی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت،  با یادی ڕاپەڕین هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، بەڵام لە پەیامەکەیدا باسى ژیانى هاوڵاتیان و باشکردنى ئەو دۆخە خراپەى نەکردووە کە خەڵکى هەرێمى کوردستان تێیکەوتووە..
هەر لە یادى راپەڕیندا بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان، پەیامێکى مژدە بەخشانەى بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو رژا وەکخۆی نەهاتنەدی، خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو، بەڵام وەکچۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتی ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات.
سەرۆکى یەکێتى دەشڵێت، لەماوەی رابردوودا بە پشتیوانیی خودا و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان هەنگاوی کاریگەرمان لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان ناوە و ئەنجامەکەشی لای هەموولایەک روونە، بێگومان هەر کارێکیش کە کردوومانە و دەیکەین لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان دەبێت و هەموو ئامانجێکمان سەرفرازیی خەڵک و پاراستنی خاکی کوردستانە.
ئەم دوو پەیامەى سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى یەکێتى هەڵگرى دوو پەیامى جیاوازن، پەیامەکەى سەرۆکى حکومەت لە خەمى پۆست و حکومەتەکەیدایە و پەیامەکەى سەرۆکى یەکێتیش لە خەمى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتییاندایە و مژدەى ئەوەى تێدایە کە ئیدى دەبێت ژیانى خەڵک بەرەو باشتر و خۆشگوزەرانى بڕوات و پێگەى کوردیش دەپارێزن و هیچ مەترسییەکیش لەسەر هەرێمى کوردستان نییە وەک ئەوەى هۆشدارى لەبارەیەوە دەدرێت..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations