هەواڵ- ڕاپۆرت

ئەو دوو کارتە گرنگە چی بوو حکومەتی هەرێم لەدەستی خۆیدا سوتاندی؟

06/03/2024

109 جار خوێندراوەتەوە


ئەو دوو کارتە گرنگە چی بوو حکومەتی هەرێم لەدەستی خۆیدا سوتاندی؟
کۆتایی بە خەونی سەربەخۆیی دارایی هەرێم هاتووە؟
رەشنوسی یاسایەکی نوێ، مەترسی دروستکردووە

رەشنوسی یاسایەکی نوێ بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێم تایبەت بە نەوت و غاز بووەتە مەترسییەکی جدی لەسەر کۆتاییهاتنی خەونی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی کوردستان بەوەش سیمۆن واتكینز لە راپۆرتێكدا بۆ سایتی (ئۆیل پرایس)ی ئه‌مریكی
باسی لەوەكردووە "ئه‌و یاسا نوێیه‌ی نه‌وت و غاز  كه‌ حكومه‌تی عێراق كاری له‌سه‌ر ده‌كات،  سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری وزه‌دا كه‌مدەكاتەوە و  ره‌نگه‌‌ لێكه‌وتەی توندیشی له‌سه‌ر كۆمپانیا نه‌وتییه‌ جیهانییه‌كان هه‌بێت  كه‌ له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن.لەوبارەیەوە كاوە محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز  لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە كۆباسی راگەیاند، نەبوونی شەفافیەت و ئیدارەنەدانی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان  یەكٍێك بوو لەو مەترسییانەی زۆرجار هۆشداری لەبارەوە درا و بە فرۆشتنی ئەو هەموو نەوتە نەتوانرا مووچەی خەڵكی كوردستان دابینبكرێت كە سەرئەنجامەكەی ئەو شكستەبوو كە بینیمان.  باسی لەوەشكرد، حكومەتی هەرێم لەم دۆخەدا  لە رووی سیاسی و ئابورییەوە زۆر لاوازە  ئەوەش بەهۆی هەڵەكانیانە لە ماوەی رابردوو  بەوەش رەنگە نەتوانێت لەم دۆخەدا بەرگری لەسەر مانەوەی دەسەڵاتەكانی خۆی بكات و  دەبێت پەنا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 111 و 112ی دەستور ببات  بۆ ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا. ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو بۆ كۆباس ئاشكراشیكرد، هەرێمی كوردستان دوو كارتی زۆر ستراتیژی و گرنگی لەدەستی خۆیدا سوتاند  یەكێكیان پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بوو  كە ریفراندۆمی لەكاتێكی نەگونجاودا ئەنجامدا و  یەك دونیا لێكەوتە و زیانی بەدوای خۆیدا هێنا  دووەمیش فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم بوو  كە بووە هۆی لەدەستدانی ئەو كارتەش لە رووی ئابورییەوە  ئەوەش هەنگاوێكی هەڵەی حكومەتی هەرێم بوو بەهۆی لاوازی بەغدا هەنگاوی بۆ دەنا و  دەیویست لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتەكانی لە بەغدا بەهێزتر بكات و زۆركات هەوڵی دەدا لەسەرو دەستوورەوە كاربكات. بەپێی زانیارییەکانی کۆباس لە ئێستادا  حکومەتی فیدراڵی یاسایەکی نوێی بۆ نەوت و غاز دیاریکردووە  ئەوەش نیگەرانی حکومەتی هەرێمی لێکەوتووەتەوە  چونکە بەتەواوی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی  دوورخستووەتەوە لە پرسی نەوت و غاز و  بۆ ئەوەش هۆشداریدەدرێت کە بە پەسەندکردنی ئەو یاسایە 
نەک تەنها کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەبێت  بەڵکو کێشە بۆ سەرتاسەری عێراق دروستدەبێت. لەبارەی مەترسییەکان و هەنگاوی نوێ لەوبارەیەوە  د. سەباح سوبحی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی پارتی و 
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز بۆ کۆباس رایگەیاند،  مافی کورد لە دەستوری عێراق دیاریکراوە و  هەر یاسایەک پێچەوانەی دەستوری عێراق بێت ئێمە دژایەتی دەکەین.  باسی لەوەشکرد، چەند جارێک هەوڵدراوە پرۆژە یاسای نەوت و غاز دەنگی لەسەر بدرێت  بەڵام سەری نەگرتووە ئەویش لە ساڵەکانی 2007 و 2011 و  لەم قۆناغەش پرۆژە یاسایەکی دیکە هەیە لە وەزارەتی نەوتی عێراق  کە زۆر مەترسیدارە چونکە بە ویستی تەنها لایەنێک ئامادەکراوە و  حکومەتی هەرێم و پارێزگای بەرهەمهێنی نەوت ئامادەییان نەبووە لە نوسینەوەی ئەگەر ئەوەش بچێتە سەر دەبێتە مەترسییەکی گەورە و  وەزارەتی نەوتی عێراق و سەرۆک وەزیرانیش درکیان بەو مەترسییانە کردووە.  جەختی لەوەشکردەوە، یاسای نەوت و غاز  یاسایەکی گرنگ و مەترسیدارە،  گرنگییەکەی ئەوەیە ئابوری عێراق رێکدەخاتەوە کە 95% داهاتی لەسەر نەوتە،  مەترسیدارییەکەی ئەوەیە نابێت مافی هیچ لایەنێک پێشێلبکرێت. جەختی لەوەشکردەوە، نابێت بیر لەوەبکرێتەوە کە لەم قۆناغەدا  هەرێمی کوردستان لاواز کراوە چونکە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهیچ شتێک لاواز نابێت و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە قورسایی تایبەتی خۆی هەیە و  خۆ ئەگەر هەوڵێک هەبێت بەبێ حکومەتی هەرێم یاسای نەوت و غاز تێپەڕێنرێت  ئێمە لە پەرلەمان شەڕی تەواوی بۆ دەکەین بەپێی ئەو چوارچێوەیەی لە دەستور دیاریکراوە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations