هەواڵ- ڕاپۆرت
ئێوارەی پێش راپەڕین لە سلێمانی چی روویدا و بۆچی شار خرۆشا؟
ئێوارەی پێش راپەڕین لە سلێمانی چی روویدا و بۆچی شار خرۆشا؟
زیندانیانی ئەمنى سلێمانی بۆچی بێئومێد بوون و دواتر چییان بیست؟
یەکەم رۆژی راپەرین لە سلێمانی ژمارەی پێشمەرگە گەیشتە چەند کەس؟
بروسکەی 7ی 3 زەماوەند بکەن کێ نوسیویەتی و مەبەست لە چی بوو؟
ئێوارەی رۆژی 6ی 3ی 1991 دوای ئازادکردنی بازیان، شاری سلێمانی ئێوارەی ساردی باراناوی و مەترسیداری بۆ بەرپرسانی ئەمن و جەللادەکانی رژێمی بەعس بەڕێکرد و هەستیان بەوەکردبوو سلێمانی ئەم دەرفەتە لەدەستنادات و بۆ ئەوەش هەموویان روویان لە ئەمنە سورەکە دەکرد تاوەکو گیانی خۆیان بپارێزن و هەموو هێزەکانیشیان ئاگادار دەکردەوە بەوەی هێزی دیکە بۆ پشتیوانییان رەوانە دەکرێت و پێگەی خۆیان قایم بکەن. رۆژی 7ی ئادار و کاتژمێر 6:30 ی بەیانی ،ئەوەی بەعس لێی دەترسا لە سلێمانی دەستیپێکردو شانەچەكدارەكان بە تەنسیق لەیەك كاتی دیاریكراودا لە فولكەی دەستاڕەكە، سەرشەقام، خەبات، ئازادی، مەجید بەگ، بەختیاری و زەرگەتە بە تەقەو بانگەواز دەستیان بە راپەڕین کردو لەسەعات 10ی سەرلەبەیانی پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی سلێمانی هێرشیان کردە سەر "دائیرەی تەجنیدی سەرچنار" و بێ تەقە خۆیاندا بەدەستەوە و لەماوەیەكی زۆركەمدا، هێرش برایە سەر "ئیدارەی ئەمنی سەرچنار و مونەزەمەی سەرچنار و فرقەی قادسیە لەسەرچنار" و
لەیەك كاتدا دەستیان بەسەردا گیرا، دواتر پێشمەرگە و شانە چەكدارەكان و لاوانی سەرچنار و تەواوی جەماوەری راپەڕیوی سلێمانی بەرەو ئازادكردنی "ئەمنی سلێمانی - ئەمنە سوورەكە"، بەڕێكەوتن. بەهۆی گردبوونەوەی هەموو كاربەدەستان و جەللادە ترسناكەكانی بەعس لەئەمنەسوورەكە، شەڕێكی قورسی دوو رۆژە لەوێ روویدا و زیندانیانی ناو ئەمنەسورەكە باس لەو رۆژە بەمجۆرە دەکەن و دەڵێن: لە بەرەبەیانی 7 ی 3 دا دەنگی تەقە دەگەیشتە ناو هۆڵەكانی زیندان، هەستمان بە شڵەژانی ئەمن و جەللادەكان دەكرد. یەكێك لە زیندانییەكان دەڵێت: "شەوی 7 ی 3ی 1991 بۆ چەند سەعاتێك دەنگی تەقە نەما بەوەش بێ هیوایی و ترسی تۆڵەسەندنەوە دایگرتین، بەڵام لەبەرەبەیانی رۆژی 8ی مانگ دەنگی تەقە زۆر بەنزیكی لێمانەوە دەبیسترا و یەكێك لە زیندانییەكان وتی: "برادەران من شەڕم زۆر دیوە ئەو فیشەكانە بەر بیناكەی ئێمە دەكەوێت هێرشە بۆ ئێرە دەكرێت". ئەو زیندانیە ئەوەش دەگێڕێتەوە كەتەقە زیادیكرد ئەمنەكانیش تەواو شڵەژابوون و خۆیان حەشاردەدا، ئەفسەرەكانیان دەیاندۆزینەوە و قسەیان پێدەوتن كە بۆچی شەڕناكەن و دەترسن و بەڕێوەبەری ئەمنەكەش زوو زوو هەواڵی دەدانێ كە هێزیان پێدەگات و پێویستە خۆڕاگربن بەڵام دواتر دوانیوەڕۆی 8ی 3ی دەنگە دەنگ و قەرەباڵغی گەیشتە هۆڵەکانی زیندان و هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵک هاتنە ناوەوە و بەتەواو ئەمنەکە پاککرایەوە. جەمال محەمەد فەرماندەی پێشمەرگە لەبارەی رزگاركردنی شاری سلێمانی لە نوسینێكدا دەڵێت "دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، سەرجەم بارەگاکانی حزبی بەعسمان کرد بە بارەگای رێکخستنەکانی بەتالیۆنی 7ی یەکێتی بۆ کۆکردنەوەی دۆکیۆمێنتەکان و رێکخستنی جەماوەر و ناونوسکردنی هاوڵاتییان بۆ ریزەکانی پێشمەرگە، تا وایلێهات هێزەکانمان لە هەزار و 500 کەس تێپەڕیکرد". سهبارهت به بروسكهی "له زمناكۆوه بۆ ئازاد 1760،
برادهران ئاگاداربكهرهوه 7ی مانگ زهماوهند بكهن". خالید رهزا نوسەری بروسكەكە دەڵێت: ئهو بروسکەیە له ماڵی هاوڕێ موراد ئهندامی رێكخراوی سلێمانی كۆمهڵه لهگهڕهكی دور ئهمنی ئهوكات نووسیم،
مهبهست له شهخسێكی دیاریكراو نەبوو، بهڵكو وهك رهمزێك بوو بۆ دیاریكردنی رۆژهكه كه پێش ئهوه لهماوهی ئهو 6 مانگهدا نزیك به 100 (پهخشنامه)مان بۆ رێكخستنهكان و شانه چهكدارهكان نوسیبوو، لهههموو یاندا سهرنجمان بۆ ئهوه راكێشابوون، كه دهبێ بهردهوام متابهعهی رادیۆی دهنگی گهلی كوردستان بكهن بۆ فهرمان وهرگرتن چونكە بهتهنها یهكێتی له کاتی راپهڕیندا رادیۆی ههبوو.