هەواڵ- ڕاپۆرت
ئەو دوو برا کوردەی هیچ شتێکیان لەیەک ناچێت..
ئەو دوو برا کوردەی هیچ شتێکیان لەیەک ناچێت..
یەکیان پشتی ئەردۆغان دەگرێت و ئەوەی تریان دژی دەجەنگێت..
یەکێکیان گەورەترین زانای ئیسلامی بوو، ئەوەی تریان هاوسەرۆکی حزبێکی چەپی عەلمانیی بوو..
مستەفا موسلیم و ساڵح موسلیم، ئەو دوو برا کوردەی هەریەکەی رێگەیەکی جیاوازییان گرتەبەر..
رەنگە زۆربەمان ناوی ساڵح موسلیممان بیستبێت، بەڵام کەم کەس ناوی مستەفا موسلیمی برای بیستووە
مستەفا موسلیم لە ساڵی ١٩٤٠ لە گوندی شێراوەی سەر بە کۆبانی لە دایک بووە، یەکێک لە زانا و پرۆفیسۆرەکانی بواری شەریعەتی ئیسلامی بوو، برای سیاسەتمەداری کورد ساڵح موسلیمە، لە ساڵی ١٩٦٥ کۆلێژی شەریعەی لە شام تەواو کردووە، دواتر لە زانکۆی ئەزھەر بڕوانامەی ماستەری بەدەستھێناوە و ساڵانێک لە سعودیە و ئیماراتی عەرەبی وەکو مامۆستای زانکۆ کاریکردووە و لە زانکۆی شاریقە وەک سەرۆکی بەشی شەریعە کاری کردووە، پسپۆڕی تەفسیری قورئان بوو. لەم چەند ساڵەی دواییدا لە تورکیا نیشتەجێ بووبوو، لە شاری دیلۆک سەرۆکایەتی زانکۆی ئەلزەھرای دەکرد و لە رۆژی ١٧ نیسانی ٢٠٢١ لە گازی ئەنتاب بەھۆی نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد..
مستەفا موسلیم بەهۆی نزیکی لە تورکیاوە، بەردەوام پشتگیری لە ئەردۆغان و سیاسەتەکانی دەکرد و دەیوت، ئەردۆغان مرۆڤێکی موسڵمان و باوەڕدارە. کەسی موسڵمان و باوەڕداریش ئەو بەڵێنە دەباتە سەر کە دەیدات. هەر لەبەر ئەوە، پێویستە سەرجەم کوردەکان، پشتیوانیی ئەردۆغان بکەن..
لەکاتێکدا مستەفا موسلیم پشتگیری لە تورکیا دەکرد، براکەی دژی دەجەنگی و خوێنی دەڕشت.
ساڵح مسلیم برای مستەفا موسلیمی گەورە زانای ئیسلامی بە پێچەوانەی رێگای براکەیدا رۆیشت و دوو رێگای جیاوازیان گرتەبەر..
ساڵح مسلیم ساڵی ١٩٥١ لەدایک بووە و کۆلیژی ئەندازیاری کیمیای تەواو کردوە و بەپێچەوانەی براکەیەوە رێگای سیاسەت هەڵدەبژێرێت و تا دەبێتە هاوسەرۆکی پارتی یەکیەتی دیموکرات ناسراو بە پەیەدە کە حیزبێکی چەکداری کوردییە و لەساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە.
لەکاتێکدا براکەی زانایەکی ئیسلامییە، ساڵح موسلیم سەرۆکایەتی حزبێکی سۆشیالیزمی دیموکراتی ناسیۆنالیزمی کوردی چەپی عەلمانی دەکات و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و لەو پێناوەشدا کوڕێکی شەهید بووە و بەردەوام دژی تورکیا و ئەردۆگان دەجەنگێت و تورکیاش وەک تیرۆرست ناوی دەهێنێ، بەڵام مستەفا موسلیمی برای بە زانایەکی گەورە ناودەهێنێت.
بەڵێ ئەوە ئەو دوو برایەن هەرگیز یەک رێگەیان نەگرت و بە دوو ئاڕاستەی جیا ژیانیان بەڕێکرد، بەڵام برایەتییان هەر مایەوە..