هەواڵ- ڕاپۆرت
مەسرور بارزانی لەکوێی هاوکێشەی حکومڕانیدا دەبێت؟
مەسرور بارزانی لەکوێی هاوکێشەی حکومڕانیدا دەبێت؟
پۆستی سەرۆکی حکومەت موڵکی پارتی نیەو دەکرێت لایەنێکی تر خاوەندارێتی ئەوپۆستە بکات.
ئەگەر بەخێرایی بگەڕێێنەوە بۆ قۆناغەکانی رابردوو و پێکهێنانی کابینەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان دەگەین بەو ئەنجامەی کە پارتی هەمیشە بەسود وەرگرتن لە ساختەکاریی لەهەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی کورسی پێکهاتەکان و تاڕادەیەکیش نەرمی نواندی یەکێتی لە پێناو ئاشتی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و پاراستنی قەوارەی هەرێم پۆستە هەستیارەکانی هەرێمی بەجۆرێک لە جۆرەکان بۆخۆی قۆرخکردبوو، کە ئەمەش جۆرێک لە غروری سیاسی لەلای پارتی دروستکردبوو و بەردەوامیش کاری لەسەر پەراوێزخستنی شەریکەکانی دەکرد بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا ئەم سیاسەتەی پارتی بەتەواوی رەنگیدایەوە.
لەدوای دەرکەوتنی نیەتی پارتی بەتایبەت باڵی دەستڕۆشتووی ناو پارتی و دیدو تێراونینیان بۆ حکومڕانی وەک هێزێکی خۆسەپێنی تاکڕەو لەکابینەی نۆدا چیتر ئەم جۆرە سیاسەتکردنە لە لایەن سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتی یەکێتیەوە رەتکرایەوە و دروشمی کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی خۆسەپێن وەک دروشمی سەرەکی لەبەرامبەر پارتیدا بەرزکرایەوە.
ئێستا لەدوای کۆتایهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەوڵەکان بۆ دانوستانی نێوان لایەنەکان سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم یەکێتی دڵنیایی دەدات لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و سوربوونی خۆی لەسەر رەتکردنەوەی ئەو جۆرە دابەشکاریی و حکومڕانییەی لە کابینەی نۆدا پەیڕەوکرا، ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەوبارەیەوە دەڵێت "یەکێتی جارێکی تر ئەو فەرهەنگە لە سیاسەتی کوردستاندا قبوڵناکات"
هاوکات یەکێتی جەختلەوەدەکاتەوە کە هەر لە دانانی سەرۆکی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و پڕکردنەوەی تەواوی پۆستە باڵاکانی تر دەبێت رەزامەندی یەکێتی لەسەربێت ودابەشکاری پۆستەکانیش لەسەر بنەمای شەراکەتی راستەقینە بێت و کابینەی داهاتووش کابینەیەکی خزمەتگوزار بێت و بەبێ جیاوزی خزمەتکاری سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
ئەگەر چی پارتی هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی بۆ بەدستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بووە و دووبارە کار بۆ دانانەوەی مەسرور بارزانی دەکات وەک سەرۆکی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، بەڵام دەبێت پارتی لەو راستییە تێبگات کە پۆستی سەرۆکی حکومەت موڵکی پارتی نیە و دەکرێت گۆڕانکاری لە خاوەندارێتی کردنی پۆستە باڵاکاندا بکرێت ، کە ئەوەش شێوازی دانوستان و مەرجی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم و بەشداریکردن لەو کابینەیە یەکلای دەکاتەوە، بۆیە جگە لەوەی یەکێتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت بە مافێکی یاسایی و ئیستحقاقی خۆی دەزانێت هاوکات بڕیاردەری سەرەکی دەبێت لە پەسەند کردن یا رەتکردندەوەی کاندیدی داهاتووی سەرۆکی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم