هەواڵ- ڕاپۆرت
سەدام حسێن بۆچی لەسلێمانی دەترسا؟
سلێمانی ئەو شارەی سەدام لێی دەترسا وئۆ*جا*لان هیوای بۆ دەخواست
سەدام حسێن بۆچی لەسلێمانی دەترسا؟
عەبدوڵا ئۆ*جا*لان چی لەبارەی سلێمانییەوە دەوت؟
سلێمانی ئەو شارەیە کە بەردەوام بەدرێژایی مێژوو رەمزی شۆڕش و مقاوەمە بووە لەدژی داگیرکەرانی گەلی کورد، سلێمانی بەردەوام دژی ئەودەسەڵاتە خۆسەپێنانە وەستاوەتەوە کە هەوڵی چەوساندنەوەی خەڵکەکەی داوە بەڵام لە هیچ قۆناغ و بارو دۆخێکدا سلێمانی تەسلیمی هیچ ئیرادەیەک نەبووە و بەئیرادەی پۆڵاین و بەهێزی خۆی تەخت و تاراجی هەموو ئەو دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکانەی تێکشکاندووە کەبەچاوی داگیرکارییەوە سەیری ئەم شارەیان کردووە،ڕووداوەکانی مێژوو شاهێدی ئەو ڕاستیەن کەسلێمانی هەردەم شکۆی خۆی خەڵکەکەی پاراستووە لە بەرامبەر نەیاران و دوژمنانیدا و بە خوێن و قوربانیدان پارێزگاری لە شکۆی خۆی کردووە، هەر بۆیە دوژمنانی کورد هەمیشە لەم شارە ترساون بەنمونە، سەدام حسێن سەرۆکی ڕژیمی بەعسی عێراقی بەردەوام لە سلێمانی دەترساو بە (مەدینە سەعبە) ناوی دەبرد و پێی وابوو ئەم شارەی کوردستان شارێکە کە خەڵکەکەی هەروا ئاسان تەسلیم نابن و بە ورەیەکی پۆڵاینەوە دژی دەسەڵاتی داگیر کەر دەوەستنەوە هەربۆیە لەکاتی هەر نارەزایەتی و خۆپیشاندانێکدا دەسەڵاتی ئەوکاتی رژێمی بەعس زۆرترین هێز و چەک و جبەخانەی رەوانەی ئەمشارە دەکرد ،بەڵام دواجارهەرشکستیان دەهێناو پاشەکشەیان دەکرد تائەوەی لەکۆتایدا ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە لەسەر دەستی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ هەمیشە وەدەرنرا.
هەر لەبارەی سلێمانییەوە، عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پە*کە*کە دەڵێت ئەگەر کوردستان دوو سلێمانی هەبوایە ئەوا هەرزوو ئازاد بووبوو ،بەڵام دوای چەندین ساڵ لە ووتەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان و سەدام حسێن ئەمڕۆ سلێمانی نەک شەڕی مافی مامۆستایانی خۆی بەڵکو بەپێ بەرەو هەولێر بەڕێکەوتوون بۆ بەرگری کردن لە مافی مامۆستایانی خودی هەولێریش چاوەڕێش دەکرێت مامۆستایان و دانیشتوانی شاری هەولێریش وەک هەمیشە بەهەڵویستی نیشتمان پەروەرانەی خۆیان پێشوازی لە کاروانی مامۆستایانی سلێمانی بکەن و دەست لەناودەست دژی دەسەڵاتی داگیرکەری هەولێر بووەستنەوە، تائەوەی تەواوی مافەکانی مامۆستایان و سەرجەم مووچە خۆران دەستەبەردەکرێت.
بەگشتی سلێمانی ئەو شارەبوو کە هەمیشە لەلوتکەی شکۆمەندی و هێز وباوەڕبەخۆبوونەوە لەبەرامبەر دوژمنان و نەیارانی خۆیدا وەستاوەتەوە و بووتە سەرمەشقی تەواوی شار و ناوچەکانی تری کوردستان بۆ وەستانەوە و بەرپەرچدانەوەی دوژمنان و نەیارانی کورد، ئێستاش سلێمانی بانگهێشتی هەموولایەک دەکات بۆکۆتاییهێنان بەو زوڵم وستەمەی کەبەرامبەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ومووچە خۆران بەتایبەتی دەکرێت..