هەواڵ- ڕاپۆرت

تەیف سامی مژدەی بۆ پێشمەرگە پێیە و مووچەکانیان زیاد دەکات

2 رۆژ پێش ئێستا

15 جار خوێندراوەتەوە


تەیف سامی مژدەی بۆ پێشمەرگە پێیە و مووچەکانیان زیاد دەکات
وادەی هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق راگەیەندرا

لەوەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە هێزەکانی پێشمەرگە ئەو توێژەن کە کەمترین مووچەیان پێدەدرێت بەشێوەیەک مووچەکەیان ناگاتە نیوەی سەربازێکی سوپای عێراق و ماوەی چەندین ساڵە داوای زیاد کردن و هاوتاکردنی لەگەڵ عێراق دەدرێت، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێهوودە بوون و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و پێشمەرگەش لە دۆخێکی سەختدا ژیان بەڕێدەکەن.
نەدانی مووچەی مانگی 12 و درەنگ کەوتنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵیش بووە هۆی ئەوەی پەردە لەسەر ئەو بابەتە لاببرێت و دواجار وەزارەتی دارایی عێراق هاتە دەنگ
لە راگەیەندراوی ئەمڕۆی وەزارەتی داراییدا ئاماژە بەوەکراوە: ماوەی دوو ساڵە میلاکات و راژەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە چاودێری دەکرێت و تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگەی رادەست نەکردووە و لەم دوو ساڵەدا لەسەر پشکی وەزارەتەکانی دیکە و داهاتی خۆی مووچەی ئەو هێزانەی داوە و ئەمەش بووەتە هۆی کورتهێنان لەو پارەیەی کە بەغدا مانگانە بۆ هەرێمی ناردووە و هەر ئەو هۆکارەش بووەتە هۆی درەنگ دابەشکردن و فەوتانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە ببن بە بەشێک لە هێزە فیدڕاڵییەکانی عێراق و لەسەر میلاکی وەزارەتی بەرگری مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام هەرێم ناوەکان رادەست ناکات بەهۆی ئەوەی لیستەکان کەسانێکی تێدایە کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن، یاخود شایستەی مووچە وەرگرتن نین و هۆکاری سەرەکی گرفتی مووچەی تەنها هەرێمە و تا ئێستا هیچ لیستێکی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رادەست نەکردووین، تەنانەت بانکە ئەهلییەکانیش.
ئەگەر بێت و هەرێم بە داواکانی بەغدا رازی ببێت و مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاوتا بکرێت گۆرانکاری گەورە لە مووچەکانیاندا روودەدات و بار و گوزەرانی پێشمەرگە بە تەواوەتی بەرەو پێش دەڕوات

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations