هەواڵ- ڕاپۆرت
گردی زەرگەتە ئاژاوەی نوێ دەخاتە ناو گۆڕانەوە
گردی زەرگەتە ئاژاوەی نوێ دەخاتە ناو گۆڕانەوە
چارەنوسی گردەکە چی دەبێت و لەکۆتاییدا کێ دەبێتە خاوەنی؟
لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا دوای 10 ساڵ لە جێ هێشتنی هەرێم جارێکی دیکە دانا ئەحمەد مەجید گەڕایەوە سلێمانی و دۆسیەکەی لەلایەن دادگاوە داخرا و بەر لێبوردنی گشتی کەوت، لەگەڵ گەڕانەوەیدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە دەکرێتە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و رۆژی 27ی ئەیلول دیاریکرا بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەو رۆژەدا بەربەستی کۆنکرێتییان لە دەرگای گردەکە دانا و رێگرییان لەو دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە کرد.
بۆیە لە 28ی ئەیلولدا دانا ئەحمەد مەجید و عومەری سەید عەلی دەستاودەستی دەسەڵاتییان کرد و رێکخەری نوێی گۆران دیاریکرا و رێڕەوێکی نوێی سیاسەت کردن بۆ گۆڕان داندرا و چەندین بڕیاری نوێ دەرکرا، کە سەرجەم ئەم هەنگاوانە لەلایەن کوڕانی نەوشیروان مستەفاوە رەزامەندی لەسەر نەدرا و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ گوڕان بوو بە دوو بەشەوە لە کاتێکی زۆر نەگونجاودا بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا بوو، سەرئەنجام گۆران یەک کورسی بەدەستهێنا و جوانڕۆ محەمەد بووە تاکە نوێنەری گۆران کە بە باڵی نزیک لە دانای ئەحمەد مەجید دادەندرێت.
لە 30ی ئەیلولدا بارەگای سەرەکی گۆران لە گەڕەکی کوردسات کرایەوە و ئیتر گردەکە وەک پاشگر و پێشگری گۆران نەما.
بە پێی زانیارییەکان لەو کاتەوە تا ئێستا هەم دانای ئەحمەد مەجید، هەمیش ئەندامانی دیکەی گۆران چەند هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو گرژییە بهێندرێت و گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ گردەکە، بەڵام بێ ئەنجام بوون و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا رێگە نادەن.
یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە: بۆچونی وازحی خۆم بە کوڕەکانی کاک نەوشیروان، چیا و نما وتوە کە تاپۆکردنی گردی زەرگەتە کارێکی هەڵەیە و نابێت ئەو گردە موڵکی تاکە کەس یان خێزانێک بێت و ئەوە موڵکی گشتییە.
یوسف محەمەد باسی لەوەشکردووە: پێویستە گردی زەرگەتە موڵکی چیا و نما نەبێت و بکرێت بە وەقف و خۆم ئەم بابەتەم لەگەڵ کاک نەوشیروان باسکردوە و پێی وتوم کە گردەکە ئامانەتەوە دەبێت بدرێتەوە بە دەوڵەت.