هەواڵ- ڕاپۆرت

پلانەکان بۆ کوردانی رۆژئاوا چییە؟

2 رۆژ پێش ئێستا

17 جار خوێندراوەتەوە


پلانەکان بۆ کوردانی رۆژئاوا چییە؟
هەڵوێستی ئەمریکا چۆن دەبێت ؟
بۆچی هەنگاوەکانی حکومەتی نوێی سووریا بەرامبەر کورد گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟

لە نوێترین پێشهات لەبارەی دۆخی سووریاوە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا چووە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا کۆبووەوە، دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، لێدوانەکانی هەردوولایان ئەوەیان ئاشکراکرد، کە  ئەگەر لەپێشتردا گومان دەکرا تورکیا و حکومەتی نوێی سووریا دوو هاوپەیمانی بەهێزبن، ئێستا ئەو گومانە ڕەویوەتەوە و پێکەوە پلان و بەرنامەی هاوبەشیان هەیە بۆ داهاتووی سووریا.
کڕۆکی بابەتەکانی کۆبوونەوەکە و ئاشکراکردنی هاوپەیمانێتییەکە سەرتاپای پەیوەستبوو بە نەهێشتنی ئەو  هێزە کوردییانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەن و لەو بارەیەوە هاکان فیدان وتی: ئەوەی پێویست بێت بۆ گرەنتیكردنی ئاسایشی توركیا دەیكەین، ئەگەر ئیدارەی نوێی سوریا ترسەكانی ئەنقەرە نەڕەوێنێتەوە سەبارەت بە هێزە كوردییەكان لە سوریا.
لای خۆشیەوە ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەستەی تەح*ریر شام و فەرماندەی ژوری سەربازی و ئیداری سوریا گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستە نوێیەکانیدا دەبیندرێت، چونکە لە هەفتەی رابردوودا ڕاگەیاندبوو، کە دەیەوێت بەدانوستان کێشەکان لەگەڵ هەسەدەدا چارەسەر بکات، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاکان فیدان وتی: تورکیا دۆستی ئێمەیە، بەو مانایەی کە ئەوانیش دەبنە پاڵپشتی جێبەجیکردنی پلانەکانی تورکیا لە ناوچەکە دژی کورد.
جەیك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی ئەو دۆخەوە روونکردەوە و باسی لەوەکرد، یەكێك لە پرسە سەرەكییەكان لە واشنتۆن ئەوەیە، چۆن زامنی داهاتوو و مانەوەی باشترین هاوبەشەکانمان بکەین کە کوردەکانی رۆژئاوای کوردستانن. بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز بەپشتبەستن بە دوو سەرچاوە لەبارەی داهاتووی کوردەوە چەند مەترسییەک ئاماژە پێدەکات و  دەڵێت: کورد لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، لە دۆخی بەرگریدایە و دەیەوێت ڕووبەڕووی ئەو هێرش و پەلامارانە ببێتەوە، کە تورکیا و گروپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی دەیانەوێت بیکەنە سەر ناوچەکانیان.
هاوکات کورد کار بۆ ئەوە دەکات، ئەو دەستکەوتە سیاسییانە بپارێزێت، کە ماوەی 13 ساڵە لە ناوچەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا بەدەستیهێناون، چونکە هاوسەنگی هێز لە نێوان کورد و میلیشیاچەکدارەکان بە سەرۆکایەتی دەستەی تەح*ریری شام، دوای کەوتنی دیمەشق گۆڕاوە. رۆیتەرز ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو گۆڕانکارییە خێرایە، بووەتە هۆی زیادبوونی هەژموونی تورکیا و هەروەها پرسیاری زۆریش دروست بووە لە بارەی ئەوەی ئایا ئیدارەی تازەی ئەمەریکا تا کەی و تا چ ئاستێک پشتیوانی هێزی کورد دەبێت لە ڕۆژئاوادا. نوێنەرێک لە ئیدارەی خۆسەر ئەوەی نەشاردووەتەوە، کە ئەوان ئامادەن دانوستان لەگەڵ تورکیا بکەن، بەڵام ئەنقەرە نیازی خراپە و دەیەوێت ناوچەکە ڕووبەڕووی ماڵوێرانییەکی دیکە بکاتەوە.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیاش لە میانی سەردانی بۆ سەربازگەکانی سوپای تورکیا لە سنووری سوریا وتی: بڕوامان وایە دەسەڵاتی تازەی دیمەشق و گروپەکانی هاوپەیمانی تورکیا، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تەواوی خاکی سوریا دەردەکەن.
 ئەنقەرە بەردەوام جەخت لەسەر کۆتایهێنان بە ئەزموونی خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکات، هەر بەو مەبەستەش پشتیوانی لە رووخاندنی ڕژێمی ئەسەد کرد و  ئێستا دەیەوێت بە حکومەتی نوێی سووریا پیلانەکەی تەواوبکات.
ئەوەی لە ئێستادا گرەنەتی مانەوەی رۆژئاوای کردووە پشتگیری ئەمریکایە و لەو چوارچێوەیەشدا  دوێنی  بە حەوت فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی و 150 ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر، سەرباز و چەکیان بۆ رۆژئاوای کوردستان گواستووەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە سیاستەکانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا چۆن دەبێت، بەو پێیەی ترەمپ خوازیارە کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەیە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations