هەواڵ- ڕاپۆرت

ناشاد، ئەو هونەرمەندەی لە کەلاوەکاندا دەژیا

09/03/2024

126 جار خوێندراوەتەوە


ناشاد، ئەو هونەرمەندەی لە کەلاوەکاندا دەژیا
تابلۆکانی دەسوتاند بۆ ئەوەی لە سەرمادا نەمرێت
جگە لە وێنەکانی خاوەنی هیچ شتێکی دیکە نییە
لە کەلاوە و خانووی چۆڵدا دەژیا و ئێستاش براوەتە خەڵوەتگەی پیری

محەمەد حەسەن، ناسراو بە ناشاد لە ساڵی 1954 لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە شاری سلێمانی لە دایکبووە ئەم شێوەکارە نزیکەی 50 ساڵە سه‌رقاڵی وێنەکێشانە و لە ساڵانی حەفتاکانەوە چەندان کاری هونەری گەورە و سەرنجڕاکێشی ئەنجامداوە و زۆرێک لەدیوارەکانی بەوێنەی سەرنجڕاکێش ڕازاندوەتەوه. ساڵی 1978 پیشانگەی لەنۆرمبێرگ- ئەڵمانیا کردوەتەوه دواتریش لە تاران و چەندین شاری ئەوروپا پێشانگای هونەری کردوەتەوە دواتر گەڕاوەتەوە کوردستان و لە ساڵانی 2002 تا 2006 بەبەردەوامی زۆربەی شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی بە وێنەی هونەری ڕازاندوەتەوە ماوەیەکی زۆر لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی وێنەی هاوڵاتیانی دەکێشا و بژێوی ژیانی لەسەر ئەو کارە دابین دەکرد ئەو شێوەکارە لە ژیانیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک نەهامەتی و ناخۆشی و دەربەدەری بووەتەوە، بۆیە نازناوی "ناشاد"ی لەخۆی ناوە تاوەکو ناوەکەی ئاماژە بێت بۆ ئەو ئازارەی کە چەشتویەتی ئەو بەردەوام ژیانی لە نێو کەلاوەکان و ماڵی چۆڵدا بە تەنها بەسەردەبرد جاری واهەبووە بۆ ئەوەی لەسەرمادا ڕەقنەبێتەوە، تابلۆکانی خۆی سوتاندووە ناشاد، بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەتەنها ژیاوە و خۆی دەڵێت کە حەزم لە تەنهاییە و من بە تەنهایی ڕاهاتووم، ئەگەر تەنهایی نەبوایە نەمدەتوانی وێنە بکێشم، بۆیە تەنهایی ئیلهامی هونەرەکەمە. ناشادی شێوەکار ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە نەخۆشی شێرپەنجەی قورگی هەیە، ئەو نەخۆشییەش کاریگەری کردوەتە سەر هەناسەدان و قسەکردنی، لەگەڵ ئەو نەخۆشییەشدا نەخۆشی دڵ-یش بەرۆکی ناشادی گرتووە.
لە دوایین دەرکەوتنیشدا ناشاد لە خەڵوەتگەی پیری دەرکەوت کە ئەوەش ڕەخنەی زۆری بەدواداهات بەڵام زۆرێک بێئاگابوون لەوەی کە ڕەنگە ئەو خەڵوەتگەیە تاکە شوێنبێت کە ناشاد بەبێ خەم و بە ئارامیبتوانێت ژیانی خۆی تێدا بەسەرببات

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations