هەواڵ- ڕاپۆرت

خوێندنی کوردی، لە سیستمی سویدییەوە دەکرێت بە بەڕیتانی

10/03/2024

127 جار خوێندراوەتەوە


خوێندنی کوردی، لە سیستمی سویدییەوە دەکرێت بە بەڕیتانی
ئەو پرۆژە و سیستمە نوێیانەی خوێندن لە کوردستان کاری بۆ دەکرێت چیین؟ 
خوێندن لە هەرێمی كوردستان  بۆ ئەو سیستمانە دەبێت؟


پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان ئەگەر چی بە بەردەوامی كاری لەسەر دەكرێت  بە مەبەستی بەرەو پێشبردن و سەرخستنی  بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە  هەر گۆڕانكارییەك كراوە ئەنجامەكەی هەڵوەشاندنەوە بووە  لە رابردوو گۆڕانكارییەكان بە سیستمی سویدی دەستی پێكرد  بەڵام بێ ئەنجام كۆتایی هات و  لە ئێستاشدا سیستمی بریتش كاونسڵ كاری پێدەكرێت  كە ئەوەش قسەی باسی زۆر لەسەرە و  لە ئێستاشدا شارەزایان زەنگی شكست هێنانی لێدەدەن.  جەبار جەلال فەقێ  مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە بواری پەروەردە و خوێندن  تایبەت بۆ كۆباس وتی،  لەسەرەتاوە دەبوو پرۆسەی خوێندن لە كوردستان یان گۆڕانكاری تێدا نەكرێت  یاخود هەنگاو بەهەنگاو گۆڕانكاری بكرێت و  سەرەتا سیستمی سویدی لە قەزایەك یان لە ناحیەیەك كاری لەسەر بكرایە،  بەڵام بەداخەوە گۆڕانکارییەکە لەسەرتاسەری پرۆسەی پەروەردە کراو 
لە كۆتایشدا شكستی هێناو كەسیش خۆی نەكردە خاوەنی ئەو شكستە.  باسی لەوەشكرد، ئەم سیستمەی نوێیەش كە كاری بۆ دەكرێت  بەناوی سیستمی بریتش كاونسڵ نوێ نییە و چەندین جۆری هەیە  بەڵام ئەوەی من دەزانم ئەمەش لە هەرێمی كوردستان شكستدەهێنێت. باسی لەوەشکرد، هۆکاری ئەوشکستە پەیوەستە بەوەی هەرێمی كوردستان  لەم قۆناغەدا ئامادەیی نییە بۆ وەرگرتنی ئەم سیستمە و  قوتابی بكرێتە چەقی خوێندن و چونکە   لە رووی دیموكراتیی، لە رووی دارایی، لە ڕووی تواناكانی خوێندكار و مامۆستا  زەمینە بۆ ئەم گۆڕانکارییە گونجاو نییە.  ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێی وایە،  خوێندن لە هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵدایە و  چەندین ساڵیشە ئەم قەیرانە بەردەوامی هەیە و  چارەسەریش بەوە دەكرێت سەرەتای قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و  دواتر قەیرانەكانی دیكە یەك لە دوای یەك  لەوانەش قەیرانی دارایی و دابینكردنی ژیانی شایستە بۆ مامۆستایان و فێرخوازان و  چەندین هەنگاوی دیكە تاوەكو پرۆسەی پەروەردە بخرێتەوە سەر رێچكەی خۆی.   جگە لەم هەنگاوانە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی خوێندن لە ئیستادا وەزارەتی پەروەردە لە هەوڵی جێبەجیکردنی  پڕۆژەی ستراتیژیی راهێنانی مامۆستایاندایە  کە تێیدا ژمارەیەک مامۆستا وەکو راهێنەر خولیان بۆ وتراوەتەوە و  دواتر ئەوانیش بەرنامەو کارەکانیان دەهێننە ناو خوێندنگەکان و راهێنان بە مامۆستایان دەکەن  کە پێی دەوترێت (دیداکتیک)  ئەمەش د. ئالان حمە سەعید وەزیری پەروەردە بەڵێنی لەبارەوە دەدات  بەوەی گۆڕانکاری گەورە دروستدەکات لە ناوەندەکانی خوێندن.  لەبارەی ئەم هەنگاوانەی و نیگەرانییەکان لە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان  سامان سیوەیلی وتەبیژی وەزارەتی پەروەردە بۆ کۆباس وتی،  هیچ تویژینەوە و بەدواداچوونێکی ورد نییە  لەبارەی ئەوەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە قەیراندا بێت و 
گۆڕانکارییەکانی پەروەردە شکستی هێنابێت،  ئەوەشی کراوە لە رابردوو سودی هەبووە و  دواتر گۆڕانکاری کراوە بۆ شتێکی باشتر.  راشیگەیاند، راهێنانی مامۆستایان لە ئێستادا کە کاری لەسەر دەکرێت  هەنگاوێکی نوێیە پێمان وایە سودی زۆری دەبێت  چونکە ئەم خولە بۆ داهاتوو بەردەوامی دەبێت و مامۆستایانیش بەردەوام پێویستیان بە خول بینینە و پێشخستنی زانیارییەکانیانە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations