هەواڵ- ڕاپۆرت

(هەژماری من) خەریکە نانی خەڵک دەبڕێت

17/03/2024

182 جار خوێندراوەتەوە


(هەژماری من) خەریکە  نانی خەڵک دەبڕێت
حكومەتی هەرێم  بە نایاسایی بەرۆكی فەرمانبەرانی گرتووە 
ئەوان بۆچی هێندە پشتگیری لە (هەژماری من) دەکەن؟
هۆشداریدەدرێتە حکومەتی هەرێم و داوادەکرێت هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر 



كێشەكان لەنێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی مووچە  یەكلایی نەكراوەتەوە و ئێستا بابەتێکی نوێشی هاتۆتە سەر حكومەتی هەرێم سورە لەسەر بەردەوامی و كاركردن بە (هەژماری من) و  حكومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراقیش  جەخت لەوەدەكەنەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بەنیشتمانی بكرێت و لە رێگەی بانكە حكومییەكانەوە  دابەشبكرێن و لەو رێگەیەوە مووچە دابەش بكات. بەڵام سووربوونی بەرپرسانی هەرێم لەسەر (هەژماری من) خەریکە وادەکات کە نانی خەڵک ببڕێت و موچە دابەشنەکرێت  لەوبارەیەوە ئەحمەد حاجی رەشید  ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بۆ كۆباس وتی،  لە دونیا هیچ كەس ناتوانێت كەس پابەند بكات بە كردنەوەی هەژمارێكی بانكی و مامەڵە لەگەڵ بانكێكی تایبەت بكات 
بۆیە ئەوەی حكومەتی هەرێم دەیكات بەرانبەر فەرمانبەران  سەرپێچی هەموو یاساکان و پرەنسیپێكی داراییە و  ئەوەشی حكومەتی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی داوایدەكات  دەیەوێت ئەم پرسە لە ژێر كۆنترۆڵی بانكی حكومیدا بێت  تاوەكو مووچە لە مەترسییەكان دور بخرێتەوە  چونكە بانكی ئەهلی ئەگەر ئیفلاس بوونی هەیە و  ناتوانێت قەرەبوو ئەو بودجە زەبەلاحە بكاتەوە كە زیانی پێدەگات.  باسی لەوەشكرد، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە 900 ملیار زیاترە  ئەگەر حكومەتی فیدراڵی پارەی نەنارد بەهەر هۆكارێك  ئەبێت ئەوكات حكومەتی هەرێم لە رێگەی هەژماری من  دابەشی بكات ئەمەش كارێكی زەحمەتە.  بەپێی وتەی شارەزایانی دارایی ئەوەی مەترسییە لەلای مووچەخۆران،  لەئێستادا هاتووەتە دی و  ئاماژە بەوەدەکەن ناردنی مووچەی ئەم مانگە لەلایەن بەغداوە و  دابەش نەکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە  دەست بەسەرداگرتنی پارەی مووچە خۆرانە  کە ئەگەری هەیە لە داهاتوو بەکردنەوەی هەژماری من چەندبارە ببێتەوە و  فەرمانبەرانی هەرێمیش بەردەوام لەم دۆخەدا بمێننەوە.  دیاری جەلال شارەزای دارایی بانکی تایبەت بۆ کۆباس وتی،  بەکارهێنانی سیستمی بانکی لە هەموو جیهان بووەتە هەنگاوی گرنگ و  پێویستە کاری بۆ بکرێت و جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش لە هەرێمی کوردستان  پێویست بوو زووتر هەنگاوی بۆ بنرێت  ئەوکات رەنگە مووچەخۆرانی هەرێم روبەرووی هەندێک کێشە نەبوونایەتەوە.  باسی لەوەشکرد، لەم قۆناغەدا کە کێشە لە نێوان هەرێم بەغدا دروستبووە  لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران  دەبێت هەنگاوی دروست بنرێت  هەنگاوی دروستیش لەئێستادا بەهۆی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ ئەزموونێکی زیاتر هەیە و بانکەکانی زیاتر متمانە پێکراوترن  باشترە هەژمارەکە لە رێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بکرێتەوە  تاوەکو ئەو مەترسییەی فەرمانبەران هەیانە نەمێنێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس  ئەوەی لە ئێستادا مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان  بەهۆی سووربوونی حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من  ،رەنگە بەغدا سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەران بکات و  بەپێی ئەو لیستەی مووچە رەوانەی بەغدا کراوە  راستەوخۆ خۆی مووچە دابەش دەکات.  لەلایەکی دیکەوە عومەر گوڵپی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان  لە لیژنەی دارایی تایبەت بۆ کۆباس وتی،  حکومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی متمانەی بە بانکە حکومییەکانی خۆی نییە  بۆ ئەوە پەنای بردووەتە بەر بانکی ئەهلی کە خۆی خاوەندارێتی دەکات و  دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە هەژمار بۆ فەرمانبەران بکاتەوە و مووچە دابەش بکات  لەکاتێکدا ئەم هەنگاوەی لە پێناو بەرژوەندی خۆیەتی.  ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو  هۆشداریشدایە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم  بەوەی لەمەزیاتر برسیکردنی خەڵک مەترسی دروست دەکات  نەک کردنەوەی هەژمار ببێتە مەترسی و بۆ ئەوەش داوایکرد هەرچی زووە چارەسەر کێشەی مووچە مووچەخۆران بکرێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations