هەواڵ- ڕاپۆرت

ئایا راستە کارەسات بەڕێوەیە و دەبیت خۆمان بۆ مردن ئامادە بکەین؟

22/03/2024

198 جار خوێندراوەتەوە


ئایا راستە کارەسات بەڕێوەیە و دەبیت خۆمان بۆ مردن ئامادە بکەین؟

وەزارەتی تەندروستی هەرێم چی دەڵێت لەوبارەیەوە؟ 

ئایا مەترسییەکان جدین و هەمووان دەمرین؟ 


بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان جۆرێک نیگەرانییان لای تاکی کوردی دروستکردووە کە هەموان هەستبکەن شتەکانی دەوروبەریان مەترسیدارن.
ئەوەی ئێستا نیگەرانییەکەی زیاتر کردووە ئەوەیە کاتێک بەدیاری بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنییەوە دادەنیشی کە باس لە مەترسی ماددەیەک کە رۆژانە بەکار دەهێنرێت یا خۆراکێکی رۆژانە یاخود نەخۆشییەکی دیاریکراو دەکات وات لێدەکات لە رووی دەرونییەوە بەتەواوی توشی داروخان بیت و ترست بەرانبەر ئەو شتە بۆ دروست ببێت. 
شیروان عەوڵا خورشید بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ کۆباس رایگەیاند، بەپێی یاسای ریکلامی بازرگانی پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن خۆیان بپارێزن لەو بەرنامە و بابەتانەی پەیوەستە بە وەزارەت یاخود لایەنێکی پەیوەندیدار، بە نمونە لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو مەترسییانەی پەیوەستە بە تەندروستییەوە ئەوە پێویستە رەزامەندی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەربگیرێت، ئەگەر بەپێچەوانەوە کاریان لەسەر کردو رەزامەندی بۆ وەرنەگیرا ئەوکات وەزارەتی پەیوەندیدار دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و ئەوکات بەپێی یاساکە ئەو کەناڵە سزای دارایی دەدرێت و دواتر ئاراستەی دادگا و داوکاری گشتی دەکرێت. 
ئەوەشی وت، بەهۆی ئەوەی تائێستا سکاڵا تۆمار نەکراوە هیچ بەدواداچوونێک لەسەر ئەو بەرنامە و کارانە نەکراوە کە بڵاو کراونەتەوە. 
ئەوەی نیگەرانی دروستکردووە لەناو هاوڵاتییان زۆرکات ئەو بەرنامە و پرۆگرامانە لەلایەن کەسانێک پێشکەش دەکرێت کە نەک خاوەن بڕوانامە نین لەو بوارە هەندێک کات شارەزایی تەواویشیان نییە و بەوەش داوادەکرێت وەزارەتی تەندروستی بەزوویی بێتە دەنگ و چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە بکات. 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدون بریکار وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بۆ کۆباس وتی، زۆربەی ئەو بەرنامانەی دەکرێت لەسەر بنەمایەکی زانستی ناکرێت بۆ ئەوەش رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستییە لە وەزارەتی تەندروستی تاوەکو کاری لەسەر بکەن، باسی لەوەشکرد، هەندێک لەو بەرنامانە بەشێکی راستی تێدایە بەڵام بەو رادەیەش نییە ئەو مەترسییە گەورە بڵاو بکرێتەوە تاوەکو بە تاقیکردنەوە و توێژینەوە زانستی نەسلمێندرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی كۆباس جگە لەو بەرنامانەی پێشكەش دەكرێت مەترسییەكی زۆر بڵاو دەكاتەوە نیگەرانییەكی دیكە هەیە بەوەی ئەوكەسانەی بەرنامەكان پێشكەش دەكەن بڕوانامەی تایبەتمەندییان نییە لەوبوارەدا و ئەوەش کێشە دروست دەکات و چارەسەریش وەکو پێویست ناخەنە روو. 
لەسەر ئەم دۆخەش كاوە شێخ عەبدوڵای رۆژنامەنوس دەڵێت: بەپێی ئەزموونی پانزە ساڵ کاری مەیدانی رۆژنامەوانییم، ئەوەم بۆ دەرکەوت پسپۆڕ و شارەزایانی کوردستان، ئینسانی رووخێنەر و ترسێنەر و بێباکن. ساڵی 2007 بەهۆی زۆری بیری ئیرتیوازی لە سیتییەكان بەرنامەیەكم كرد لەگەڵ پسپۆڕێكی ئاوی ژێر زەوی، وتی: دە ساڵی تر سلێمانی ئاوی خواردنەوەی نامێنێ و کارەسات بەڕێوەیە! ئەوە پانزە ساڵ تێپەڕیوە و هیچ وانەبوو. دووەمیان راپۆرتێکم كرد لەسەر مەترسییەکانی سفرە و پەرداخ و قاپی سەفەریی و پسپۆڕێکی دیكەی ترسێنەر وتی: کارەساتەکە ئەوەندە گەورەیە ناتوانم ئێستا مەزەندەی بکەم ! ئەویش دەرکەوت نوقڵانەیەکی خراپ بوو هەروەها سێیەمیان دیداری ژینگەناسێک بوو سەبارەت بە ترسناکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و وتی: تا دە ساڵی تر زۆربەی دارەبەن و داربەڕووەکانی قەرەداخ وشک دەبن و دادەڕزێن! دە ساڵ تێپەڕی و قەرەداخ هەر سەوز دەچێتەوە! ئەوەشی وتووە "منی رۆژنامەنووسیش، بەبێ ئەوەی ئەو هەستی بەرپرسیارێتییەم هەبووبێ، بەوپەڕی تامەزرۆییەوە مانشێتە ترسناکەکانم هەڵدەبژارد کە کارەسات بەڕێوەیە و خۆتان ئامادەکەن بۆ مردن!!

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations