هەواڵ- ڕاپۆرت

پارتی پیاڵە ژەهرەکەی خواردەوە

03/06/2024

271 جار خوێندراوەتەوە


پارتی پیاڵە ژەهرەکەی خواردەوە
دواجار پارتی پیاڵە ژەهرەکەی خواردەوە و لەبارەی هەڵبژاردن بڕیاریدا  
فشارەكان یا جێبەجێكردنی داواكارییەكانی پارتی ناچاركرد بەشداری هەڵبژاردن بكات 
بەڵام ئایە بەم جۆرەی ئێستا پارتی چەند کورسی پەرلەمان لە دەستدەدات؟

دوای هەوڵەکانی رابردووی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و  سووربوونی لەسەر چەند داواکارییەکی کە بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی  ئەو داواکارییانەی مەترسی بوو لە ئەنجامی ئەمجارەی هەڵبژاردن.  دواجار بەبیانوی گۆڕانکاری لە میکانیزمی هەڵبژاردن پارتی بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردن بکات و  ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە.  لەبارەی بڕیاری بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردن فازڵ بەشارەتی،  بەرپرسی پێشووی لقی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بۆ کۆباس وتی،  پارتی خواستی نەبووە بۆ هەڵبژاردن بەڵکو کۆمەڵێک تێبینی هەبوو لەبارەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و  ئەو تێبینیانەش بەشێکی چارەسەر کرا لەوانەش گەڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان و گۆڕینی وادەی هەڵبژاردن و  چەند پرسێکی دیکە کە پێمان وایە ئەوانە چارەسەر کراوە و  ئەوەی ماوەتەوە لایەنەکانی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆببنەوە و  وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن. 
ئەوەشی وت، پارتی ترسی لە کەمبوونەوەی دەنگەکان و کورسی پەرلەمانی نییە  چونکە دەنگدەرەکانی دیاریکراون و جگە لەوەش خواستمان بۆ زیادبوونی کورسییەکان هەیە  چونکە خەڵکی کوردستان تێڕوانینی ئەوەیان هەیە زۆربەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ئەنجامی سیاسەت و  هەوڵی پارتی بۆ خەڵک بەدیهاتووە.   بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوە و  وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات و  بۆ ئەوەش هۆشداریدەدرێت هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت و  زیاتر دوانەخرێت چونکە ئەمجارە مەترسییەکان جدی دەبن لەسەر هەرێمی کوردستان.  سەعید کاکەیی شارەزای هەڵبژاردن تایبەت بۆ کۆباس وتی، 
بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردن لە ژێر فشاری باردۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە و  هاوکات فشاری نێودەوڵەتیش کاریگەری هەبووە.  ئەوەشی وت، دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار بازنە گۆڕانکارییەکی باشە لەم هەڵبژاردنە و 
لەداهاتووش باشترە ئەم چوار بازنەیە زیاتر بکرێت  چونکە دەنگدەر دەزانێت دەنگ بەکێ دەدات و دەنگەکانیش لە پارێزگایەکەوە ناچێتە پارێزگایەکی دیکە.  ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن بۆ کۆباس ئەوەشی ئاشکراکرد 
کە لە ئێستادا ناتوانرێت بوترێت کاتی هەڵبژاردن دیاریکراوە  چونکە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردووە 5ی ئەیلول هەڵبژاردن بکرێت و  ئەوەش دەکەوێتە سەر ڕێککەوتنی کۆتایی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان.  هۆشداریشدا لەوەی ئەگەر ئەمساڵ هەلبژاردن ئەنجام نەدرێت و زیاتر دوابخرێت  مەترسی گەورە دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان.  دواخستنی ئەمجارەی هەڵبژاردن نیگەرانی زۆری دروستکردووە و بەوەش 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان سکاڵای تۆمار کردووە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن و پێی وایە  نەمانی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی کاربەڕێکەر قەوارەی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە.  بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس ئەو هەوڵەی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن  تەنها مەترسی بوو لە ئەنجامی هەڵبژاردن و  لە ئێستادا هەمان مەترسی هەیە بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ژێر فشاردایە  ئەمجارە بەناچاری بڕیاریداوە بەشداری بکات  لەگەڵ ئەوەش باس لە کەمبوونەوەی زۆری دەنگەکانی پارتی دەکرێت. 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە وتەی  عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان  كە لە لێدوانێکی پێشتریدا بۆ #کۆباس ئاشکرایکردووە،  ڕێژەی دەنگدان بەرزبێت لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان  پارتی ژمارەی  کورسییەکانی 20 کورسی کەمدەکات.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations