هەواڵ- ڕاپۆرت
خەڵك بێ مووچەی و گرفتەكانی تریان بیرچووەتەوە و داواكارییان هەیە
خەڵك بێ مووچەی و گرفتەكانی تریان بیرچووەتەوە و داواكارییان هەیە
وەڵامی لایەنی پەیوەندیدار چییە و گرفتەکان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
هێشتا نەگەیشتووینەتە وەرزی هاوین هاوشێوەی چەندین ساڵی رابردوو بەشێک لە خەڵکی هەولێر کەوتوونەتە دۆخێکی خراپ لەتاو بێ ئاوی بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس خەڵک لە ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر
بەهۆی بێ ئاوییەوە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێریش هۆکاری کەمی ئاو و دروستبوونی کێشەکە ئاشکرا دەکات و ئەوەش دەڵێن لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان. هاوڵاتییەکی هەولێر لەکاتی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان بۆ پەیامنێری کۆباس ئاشکرایکرد، ماوەی 15 رۆژە ئاومان نییە و لە دۆخێکی خراپداین و خەڵک هەیە نەخۆشی سەرجێی هەیە و ئەوەش بووەتە کێشە بۆمان. هاوڵاتییەکی دیکە لە هەولێر بۆ کۆباس ئاشکرایدەکات لە رۆژانی رابردوو بەهۆی بێ ئاوییەوە گرفتی زۆریان بۆ دروستبووە و بۆ دوو تانکی ئاو 25 هەزاریان لێ وەرگرتوون. بەپێی ئەو زانیارییانەی باس کراوە کێشەی کەمی ئاو لە هەولێر بەهۆی کەمتەرخەمییەوەیە چونکە ئەمە یەکەم ساڵ نییە ئەو گرفتە روبەڕووی هاوڵاتییان بووەتەوە و چەندین ساڵە دووبارە دەبێتەوە. لەوبارەیەوە ئاری ئەحمەد بەڕێوبەری ئاوی هەرێم تایبەت بۆ #کۆباس رایگەیاند، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین کار دەکەین بۆ ئەوەی کەمترین گرفت هەبێت لە دابەشکردنی ئاوی ماڵان بەڵام هەندێک کات کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی گرفتمان بۆ دروست دەکات و جگە لەوەش گرفتە تەکنیکییەکان کاریگەرییان هەیە کە ئەویش زۆرکات شکانی بۆری ئاوە کە بەردەوام تیمەکانمان کاری لەسەر دەکەن. راشیگەیاند، گرفتی کەمی ئاو لە هەولێر لە چەند رۆژی رابردوو پەیوەندی هەبووە بە کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن بەڕێوبەری ئاوی هەرێم بە کۆباس دراوە بۆ هەر هاوڵاتییەک رۆژانە نزیکەی 300 تا 500 لیتر ئاو دیاریکراوە بەڵام ئەوەش لەگەڵ گۆڕانکاری وەرزەکان گۆڕانکاری تێدا دەبێت و زۆرکات خواست زۆر زیاتر دەبێت. ئەندازیار رابەر حسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر تایبەت بۆ كۆباس رایگەیاند، گرفتی نەبوونی ئاو لە ژمارەیەك گەڕەكی هەولێر پەیوەندی بە كارەبای نیشتمانییەوە هەبووە و هیچ كەمتەرخەمییەك نەبووە و هەمووكات لەسەر هێڵین بۆ وەڵامدانەوەی پەیوەندییەكان و بەدەنگەوە چوونی هاوڵاتییان. ئەوەشی وت، ئیستا تارادەیەك گرفتەكە چارەسەر كراوە و لە هەندێك شوێن پەنامان بردووەتە بەر كارەبای موەلیدە بۆ چارەسەری كێشەی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی ئەوەش مەرج نییە بەمانای چارەسەری كۆتایی بێت چونكە هەندێكجار گرفتی كەمبوونەوەی ئاو و گرفتی تەكنیكی دەبێتە هۆكاری دروستبوونی كێشە.