هەواڵ- ڕاپۆرت
ئەو کوڕە کورتەباڵایەى کەس ئیشى پێ نەدەدا ژیانى بە تەواوى گۆڕا..
ئەو کوڕە کورتەباڵایەى کەس ئیشى پێ نەدەدا ژیانى بە تەواوى گۆڕا..
دەچووە هەر شوێنێک دەستیان دەنا بەڕوویەوە..
تەنیا لەبەر ئەوەى کورتەباڵابوو، هەمووان رەتیان دەکردەوە..
بەڵام دەرفەتێکى بۆ هاتە پێشەوە و هەموو شتێک گۆڕا..
گەنجێکى روح و سوک و قسە خۆش، هەر کەس بیبینێ خۆشى دەوێ، بەڵام کاتێک بەدواى ئیشێکدا دەگەڕێت، هەموان دەرگاى لێ دادەخەن، کەچى ئەو خوێنى خۆى دەبەخشێ بەو کەسانەى پێویستیانە..
مستەفا بەکر گەنجێکى شارى کەرکوکە و خاوەن پێداوێستى تایبەتە و تەمەنى ٢١ ساڵە و گەنجێکى قسە خۆشە و هەموان خۆشیان دەوێت..
مستەفا لەگەڵ ئەوەى کورتە باڵایە، بەڵام ئەکتەرێکى بە توانایە و بەشدارى چەندین فیلمى کردووە و لە ڤیدیۆ کلیپى هونەرمەندەکانیشدا رۆلى بینیوە…
ئەو هێندە بەخشندەیە، کاتێک هەڵمەتێکى خوێن بەخشین دەستپێدەکات، ئەو لە ریزى پێشەوەى ئەو کەسانەدا کە خوێنى خۆى دەبەخشێت بەو کەسانەى پێویستیان پێیەتى..
ئەو گەنجە سەرەڕاى ئەوەى ئەکتەرێکى لێهاتووە، بەڵام کارى هەونەرى نەیتوانیوە سودێکى مادى پێببەخشێت و تەنیا ١٥٠ هەزار دیناریش مووچەى خاوەن پێداویستى تایبەتى هەیە، بۆیە بە دواى کارێکدا دەگەڕا بۆ ئەوەى بژێوى ژیانى پەیدا بکات، کەچى کاریان پێنەدەدا و دەچووە هەر شوێنێک دەستان دەنا بەڕوویەوە..
مستەفا لەماوەى رابردوودا لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت کە چاوى پڕدەبێت لە فرمێسک، ئەوەش دواى ئەوەى چەند شوێن دەگەڕێت ئیشى پێ نادەن، بەڵام چێشتخانەیەک لە کەرکوک دەیخاتە سەر ئیش و خومەتى ئەو کەسانە دەکات کە دەچنە ئەو چێشتخانەیە بۆ نان خواردن..
دەستکردن بە ئیش لەو چێشتخانەیە بۆ مستەفا دەبێت بە خێر و بەرەکەت و بیر لەوە دەکاتەوە کە ژیانى هاوسەرگیرى بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کچێک دەناسێت و دەکەوێتە داوى خۆشەویستییەوە لەگەڵى و دەچێتە کەژاوەى زێڕینەوە لەگەڵى..
مستەفا لە لێدوانێکدا بە کۆباسى راگەیاند، ئەو کچەى هاوسەرگیرى لەگەڵ کردووە، ناوى پەرستۆیە و خەڵکى شارى قەڵادزێیە و لەڕێگەى عومەر جەبار سەرۆکى کۆمەڵەى کورتەباڵاکانەوە ناسیویەتى..
وتیشى، ماوەى شەش مانگ لەگەڵ پەرستۆ لە پەیوەندى خۆشەویستیدا بووین و دواتر بڕیارماندا هاوسەرگیرى بکەین..
ئێستا ژیانێکى نوێ بۆ مستەفا دەستى پێکردووە و خەون و خەیاڵەکانى بوون بەڕاستى، لەلایەک کارى دەست کەوتووە و لەلایەکیش ژیانى هاوسەرى پێکهێنا و ئیدى چیتر کوڕە سینگڵەکەى جاران نامێنێت..