هەواڵ- ڕاپۆرت

حکومەتى هەرێم مووچەى هەڵواسى..

06/09/2023

161 جار خوێندراوەتەوە


حکومەتى هەرێم مووچەى هەڵواسى..
دابەشکردنى مووچە دەچێتە قۆناغێکى نوێوە..
حکومەتى هەرێم بۆ وەرگرتنى پارە لە بەغدا دەست بۆ چەکێکى تر دەبات..
غرورى کۆتایی پێهێنا و بڕیارێکى نوێى بۆ دەستکەوتنى پارە دەرکرد..

ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبووەوە و بەپێى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە، بڕیار بوو لەسەر دابەشکردنى مووچە گفتوگۆ بکەن، مووچە خۆران چاوەڕێ بوون لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا وادەى دابەشکردنى مووچە رابگەیەنن، بەڵام ئەوەى لە کۆبوونەوەکەدا روویدا چاوەڕواننەکراو بوو..
بەپێى راگەیەنراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، لە کۆبووەنەوەکەدا، دواپێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بارودۆخی مووچە لە هەرێمی کوردستان و بەرەئەنجامی دواکۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ شاندی هاوتایان لە بەغدا خستووەتەڕوو، بەڵام هیچ بڕیارێکیان لەبارەى دابەشکردنى مووچەوە نەداوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیران تایبەت بە کۆباسى رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بەهیچ شێوەیەک باس لە وادەى دابەشکردنى مووچە نەکراوە، بەڵکو باسى ناردنى ئەو 500 ملیار دینارە کراوە کە بڕیارە لە بەغداوە بێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیە نە قبوڵ کراوە و نە رەتکراوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە وتیىشى لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە شاندێکى باڵاى حکومەتى هەرێم، سەردانى لایەنە سیاسییەکانى هەرێم بکات و شاندێکى باڵاى سیاسى دروستبکرێت بۆ ئەوەى سەردانى بەغدا بکات و لەسەر بەشە بودجەى هەرێم و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم قسە لەگەڵ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانى بەغدا بکەن، بۆ ئەوەى رازیان بکەن بودجە و مووچەى هەرێم رەوانە بکرێت..
بەپێى زانیارییەکانى کۆباس، بە ٥٠٠ ملیارەکەى بەغدا و داهاتى ناوخۆش، ناتوانرێت بڕى پارەى مووچەى فەرمانبەران دابین بکرێت کە ٩٤٠ ملیار دینار بۆ دابەشکردنى مووچە پێویستە و بەو پێیەش کورتهێنان دروستدەبێت، بۆیە حکومەتى هەرێم دەیەوێت هەرچۆنێک بێت ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە ئینجا دەست بە دابەشکردنى مووچە دەکات، بۆیە دەست بۆ چەکى لایەنە سیاسییەکان دەبات بۆ ئەوەى بچنە بەغدا و شەکوایەک بۆ فەرمانبەران بکەن..
بەپێى هەندێک زانیارى نا فەرمى حکومەت دەیەوێت بەپێى ئەو پارەیەى کە لەبەردەستە دەست بە دابەشکردنى مووچە بکات..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations