هەواڵ- ڕاپۆرت

شەڕى بەغدا و هەرێم پێى نایە قۆناغێکى نوێوە

09/09/2023

152 جار خوێندراوەتەوە


شەڕى بەغدا و هەرێم پێى نایە قۆناغێکى نوێوە
حکومەتى هەرێم و عێراق نهێنییەکانى یەکتریان هەڵماڵى..
هەرێم و بەغدا کامیان راست دەکەن؟
نهێنى نەناردنى پارە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم چییە؟

دوێنێ باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە قەرز بدرێتە هەرێمی كوردستان تا كێشە داراییەكان چارەسەردەبن، تاوەكو مانگی حوزەیران ئەو پارانەی لە ئەستۆی هەرێمی كوردستانە سێ هێندەی پشكەكەیەتی كە بۆی دیاریكراوە.
وتەبێژی حكومەتی عێراق وتیشی، “حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت و نانەوتی رادەستنەكردووە و لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی عێراق بڕیاریداوە لێكەوتەكانی پابەندنەبوونی ھەرێمی كوردستان نەخاتە ئەستۆی هاوڵاتییان و مووچەخۆران قەرز بە هەرێمی كوردستان دەدرێت تا ئەو كاتەی كێشەكان چارەسەردەبن.
وتەبێژى حکومەتى عێراق جەختى لەوە کردەوە کە حکومەتى هەرێم باپەندى ڕێککەوتنەکان نەبووە، بۆیە بەشە بودجەى هەرێم بە تەواوەتى نەنێردراوە، بەڵام وتەبێژى حکومەتى هەرێم وەڵامى هاوتا عێراقییەکەى دایەوە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە، بەڵکو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە.
پێشەوا هەورامانى وتەبێژى حکومەتی هەرێم جەختى کردەوە کە حکومەتى هەرێم هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بە بیانوویێک مافی هەرێم پێشێل دەکرێت.
عەلى حەمە ساڵح ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، بە کۆباسى رایگەیاند، ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان دەبێت بە پێى یاساى بودجە بێت کە مانگانە بە یەک ترلیۆن و (375)ملیار دینار دیارى کراوە لە بەرامبەردا حکومەتى هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات، بەڵام رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەکات.
عەلى حەمە ساڵح ئاماژەى بەوەکرد کە حکومەتى هەرێم و ناوەند هیچیان پابەندى ڕێککەوتنەکەى نێوانیان نەبوون..
ئێستا فەرمانبەران 9 رۆژ لە مانگى 9 رۆیشتوە، بەڵام فەرمانبەرانى هەرێم چاوەڕێ دەکەن مووچەى مانگى 7 وەربگرن، بەڵام تا ئێستا ئاسۆییەکى روون نییە کە کەى دەست بە دابەشکردنى مووچە دەکرێت..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations