هەواڵ- ڕاپۆرت

حکومەتى هەرێم پارەى دوو مووچەى لەبەردەستە و دەستى بۆ نابات..

10/09/2023

237 جار خوێندراوەتەوە


حکومەتى هەرێم پارەى دوو مووچەى لەبەردەستە و دەستى بۆ نابات..
بەغدا هەموو شتێکى لەسەر پارەى هەرێم ئاشکرا کرد..
ئەوەى حکومەتى هەرێم لێى دەترسا، بەغدا درکاندى..
بەڵێ ئێستا هەموو شتێک یەکلایی بووەوە و حکومەتى هەرێم دەبێت دەست بۆ پارەکانى بەرێت و دوو مووچە دابەشبکات..

دوێنێ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق راپۆرتێکی خستووەتەڕوو، کە بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە 8 ترلیۆن دینار پارەی بەردەست بووە، ئەویش بەو پارەیەی بۆی نێردراوە کە بە قەرز پێیدراوە، لەگەڵ داهاتی نەوتی و نانەوتی.
تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختى کردوەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا تاوەکو 25-3-2023 کە هەناردەی نەوت پێش ئەو ماوەیە بەردەوام بووە، داهاتی نەوتیی 3 تریلیۆن و 200 ملیۆن دینار بووە و داهاتی شەش مانگی نانەوتیی هەرێمی کوردستان نزیکەی تریلیۆنێک و 945 ملیار دینار بووە. هاوکات نزیکەی ترلیۆنێک و 600 ملیار دیناری لە بانکەکانی رافیدەن و رەشید وەکو قەرز وەرگرتووە. هەر لەو ماوەیەدا بە دوو جار نزیکەی 998 ملیاری لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەرگرتووە؛ هەمان کات 318 ملیار دیناری لە بانکی بازرگانیش وەرگرتووە.
بەپێى راپۆرتەکەى وەزارەتی دارایی عێراق، هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئەم پارانەی دەستکەوتووە:
- 3 تریلیۆن و 200 ملیۆن دینار داهاتی نەوتیی تاوەکو 25-3-2023.
- تریلیۆنێک و 945 ملیار دینار داهاتی نانەوتی شەش مانگ.
- تریلیۆنێک و 600 ملیار قەرز لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین
- 998 ملیار دینار بە دوو جار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نێردراوە.
- 318 ملیار دینار لە بانکی بازرگانی وەرگیراوە.
ئێستا هەرێمى کوردستان پارەى تەواوى بۆ دابەشەکردنى دوو مووچە لەبەردەستە ئەوەش بە وتەى ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق.
دارا سێکانیانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە کۆباسى راگەیاند،  حکومەتی هە رێم پارەی دوو مووچەی هەیە دابەشی بکات نەک یەک مووچە. 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەکرد کە داهاتى ناوخۆى هەرێم، مانگانە 320 ملیار دینارە و سێ مانگە مووچەیان نەداوە کە پارەى ئەو سێ مانگەى داهاتى ناوخۆ دەکاتە 960 ملیار دینار، کە ئەوەش زیاترە لەو پارەیەى حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى مووچە پێویستیەتى.
دارا سێکانیانى جەختیشى کردەوە کە فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ و بە هەر رێگەیەکى تر هەر بەردەوامە و داهاتێکى زۆر هەبووە و مانگانە زیاتر لە 20 ملیار دینارى هاوپەیمانانیش هاتووە، هەموو ئەمانەش دەکاتە ئەوەى حکومەتى هەرێم پارەى دوو مووچەى لەبەردەستە بەڵام دابەشى ناکات..
بەڵێ ئێستا هەموتن چاویان لەوەیە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى دارایی دەست بەرن بۆ قاسە پڕەکە و مافى فەرمانبەرانى هەرێم بدەن کە دوو مووچەیان لاى حکومەتە.
ئێستا هەموان نزا دەکەن کە حکومەتى هەرێم دڵى نەرم بێت و مافى مووچەخۆران بداتەوە و گیرفانیان تۆزێک گەرم بێتەوە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations