هەواڵ- ڕاپۆرت
ئەو پیاوە کێیە کە دەڵێت ناهێڵم موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت؟
ئەو پیاوە کێیە کە دەڵێت ناهێڵم موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت؟
مۆتەکەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتەوە
سەری 200 ملیارەکەی خوارد و ئێستاش رێگرە لەناردنی پارە
دژە بەرەکەی پشکی هەرێم کێیە ؟
پەرلەمانتارێکی عێراقە بەڵام بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران هەڵدەوەشێنتەوە، هەر کات پارە بۆ هەرێم بنێردرێت یەکەم کەس دژایەتی دەکات.
مستەفا جەبار سەنەد مریانی لە ساڵی 1985 لە شاری بەسرە لە دایکبووە، باوکی لە ساڵی 1995 لەلایەن رژێمی پێشوو لە سێدارە دراوە و خاوەنی دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە تەکنیکی ئەندازەی پێترۆکیمیایی و ئابووری نەوت و غاز، پێشتر کارمەندی وەزارەتی نەوت بووە و ماوەیەکیش سەرۆکی شانەی بەدواداچوون بووە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران.
مستەفا سەنەد ئێستا نوێنەری بەسرەیە لە پەرلەمانی عێراق، خۆی بە پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەناسێنێت، بەڵام بە نزیکی حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکرێت، پێشتریش لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی دەرکەوت و وتی، شانازی بەو دۆستایەتیەوە دەکات.
سەرەتای ئەمساڵ لەسەر سکاڵای ئەم پەرلەمانتارە دادگای فیدراڵی عێراق شەش بڕیاری حکومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دانا
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوای بردنەوەی سکاڵاکەی رایگەیاند، ئەمە هەناسەیەکی رەگەزپەرستانە نییە بۆ برایانمان لە گەلی هەرێمی کوردستان، رەتیشکردەوە ئەوە دژایەتی کەسیی بێت بۆ مستەفا کازمی یان محەممەد شیاع سوودانی، بەڵکو بۆ دادگەریی و پەسندکردنی حەق و کارکردنە بە دەستوور و یاسا.
مستەفا سەند ئێستا دژی ناردنی ئەو 800 ملیارەیە کە بڕیارە بەغداد بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت و دەڵێت، پێدانی ئەو سولفەیە دەرەوەی شایستەی یاسای بودجەیە و نایاساییە.
لەپاش لێک نزیکبوونەوەی هەرێم و بەغداش، هەر زوو رایگەیاند کە داوای لە پارێزەرەکەی کردووە سکاڵا لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران تۆماربکات، ئەوەش بەهۆی پێدانی سولفە بە هەرێمی کوردستان کە لە دەرەوەی شایستەی یاسای بودجەیە
پەرلەمانتارانی کورد بەشێکیان هەوڵەکەی بە موزایەدە ناودەبن و بەشێکیشیان بە نایاسایی، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناردنی پارە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە و نایاسایی نیە.
ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پەسەند بکات، موچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانی رزگارییان دەبێت
بەڵام ئێستا مستەفا سەند هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە کار بۆ ئەوەی رێگربێت لە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم
بەڵام ئایا پێتوایە لەوکارەدا سەرکەوتوو دەبێت؟