هەواڵ- ڕاپۆرت

هیواى گەڕانەوەى زیاد ئەسعەد راگەیەندرا..

17/09/2023

178 جار خوێندراوەتەوە


هیواى گەڕانەوەى زیاد ئەسعەد راگەیەنرا..
ئەو هونەرمەندەى هەمووان ئاواتى بۆ دەخوازن دەگەڕێتەوە..
زیاد ئەسعەد، ئەو هونەرمەندەى هەمووانی عاشقی دەنگی خۆی کرد،
هونەرمەندێک هەمیشە لە لوتکەدا بوو، بەڵام لەپڕ هەموو شتێک گۆڕا و ئیدى نە دەنگى ما نە ڕەنگ..

زیاد ئەسعەد لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٦ـی گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێرە و زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ڕوسی و سویدی دەزانێت و لە دوای راپەڕینەوە چووەتە وڵاتی سوید، خاوەنی چەندین ئاواز و گۆرانییە و هەر لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە هەوادارێکی زۆری هەبوو، بەتایبەتی لە نێو توێژی گەنجاندا، ئێستاش وەک هونەرمەندێکی گەورە و داهێنەر لای هۆگران و ئارەزوومەندانی گۆرانی کوردی ماوەتەوە. هەرچەندە لە ساڵی 2003ـەوە هیچ بەرهەمێکی خۆی نەبووە، بەڵام 140 ئاواز و تێکستی داوەتە هونەرمەندان و وتوویانە.
ئەو ساڵی ١٩٨٣ دەست بە کاری هونەری دەکات و یەکەم گۆرانیی خۆی بەناوی "شەو و ڕۆژان من" بڵاودەکاتەوە و شێرکۆ بێکەسی شاعیر بە نەوڕەسی سپیی ئاواز و گۆرانیی کوردی ناساندوویەتی.
زیاد ئەسعەد لە ساڵی ١٩٨٨ تا ساڵی ٢٠٠٣ چوار ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە
لەو نێوانەشدا هەندێک گۆرانیی تاکی هەبووە ئەو هونەرمەندە بە یەکێک لە نوێکەرەوەکانی گۆرانیی کوردی دادەنرێت هەم لەسەر ئاستی میوزیک هەم لەسەر ئاستی شیعر بەتایبەتیش لە بواری گۆرانیی سۆزداریدا
ئەو مەقامزان و شارەزاییەکی باشیشی لە هونەری میوزیکی کوردی و جیهانیدا هەبوو زیاد ئەسعەد یەکێک لە دڵناسکترین و هەستیارترین هونەرمەندانی کوردە ئەو بە بڵاوبوونەوەی وێنە و دەنگ و جوڵەکانی تەواو نیگەران دەبێت و 
ئەوە وای لێ کردووە تەنانەت گومان لە نزیکترین هاوڕێکانی بکات و سەردانیان نەکات ئەم ڤیدیۆیەی دەیبینن هۆکاری دوورکەوتنەوە و گۆشەگیربوونی زیاد ئەسعەدە لە بیست ساڵی ڕابردوودا
کە لە ئەڵمانیا لە ماڵێک میوانداری دەکرێت و خۆشی لە یەکێک لە گفتوگۆکاندا دەڵێت تەواو نیگەران بووە بە بڵاوبوونەوەی وهەر ئەوەش بووە هۆی ونبوونی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا
زیاد ئەسعەد ساڵی ٢٠١٦ تووشی جەڵدەی مێشک دەبێت و ئیدى بە تەواوى دووردەکەوێتەوە و توشى گۆشەگیربوون دەبێت و هەمووان بە تاسەى ئەوەوە بوون دەرکەوێتەوە و کاتێکیش ساڵى رابردوو وێنەیەکى بڵاوکرایەوە قسەى زۆر لەسەر کرا، بەڵام ئیدى هیچ دەرکەوتنێکى دیکەى نەبوو،  کۆباس زانیویەتى، زیاد ئەسعەد لەماوەى رابردودا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بووە و ڕۆژانە وەرز ش دەکات و جوڵە و ژیانی ئاساییە.
ئێستا جارێکى دیکە زیاد ئەسعەد بووەتەوە باسى میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵى گەڕانەوەى بۆ هەولێر دەدرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێریش رایگەیاند، هەموو هەوڵێکمان داوە زیاد ئەسعەد بگەڕێتەوە هەولێر و بەوەش هیوایەک بۆ هەوادارانى گەڕایەوە کە بە هونەرمەندە دڵخوازەکەیان شاد ببنەوە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations