هەواڵ- ڕاپۆرت

ئەو رۆژەى دەرگایەکى گەورە بەڕووى هەرێمى کوردستاندا کرایەوە..

23/09/2023

146 جار خوێندراوەتەوە


ئەو رۆژەى دەرگایەکى گەورە بەڕووى هەرێمى کوردستاندا کرایەوە..
رۆژ: ٢٣ى ٩ی ساڵى ٢٠١٧یە..
کات: دوو رۆژى ماوە بۆ ئەوەى ریفراندۆم بکرێت..
ئەمریکا بە بەڵێنێکى گەورەوە لە دەرگاى هەرێمى کوردستانیدا، بەڵام نەک دەرگاکەى لێنەکرایەوە، بەڵکو بەخراپى وەڵام درایەوە..

دوایین ساتەکانى رۆژانى پێش ریفراندۆمە و ئەمریکا بەهەموو هێزى خۆیەوە پشتیوانى لە کورد دەکات، تەنیا لەبڕیارى ریفراندۆم پەشیمان ببنەوە و کاتەکەى دوا بخەن، بەڵام سەرۆکى ئەوکاتەى هەرێم دەرگا بەڕوى ئەمریکادا دەخات و ئێستاش کاریگەرى رەتکردنەوەى داواکەى ئەمریکا بەسەر هەرێمەوە ماوە و کار گەیشتوەتە ئەوەى هەرێمى کوردستان بەرەو لەناوچوون بەرێت..
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەى هەرێمی کوردستان، ئەو پێشنیازەی رەتکردەوە، کە لە دواچرکەدا لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و عێراقەوە بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم کرا. ئەو وڵاتانە پێشنیازی ئەنجامدانی دانوستاندنیان کرد لە نێوان کوردەکان و بەغدا بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری زیاتر و ئەگەری سەربەخۆیی بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام هەمووى رەتکرایەوە..
رۆژى ٢٣ى ٩ى ٢٠١٧، دوو رۆژ پێش ئەوەى ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەى ئەمریکا، نامەیەک بۆ مەسعود  بارزانی سەرۆکى ئەوکاتەى هەرێمى کوردستان دەنێرێت و تیایدا بەڵێنی پاڵپشتی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ دیالۆگێکی یەکساڵی لە نێوان کوردەکان و حکومەتی بەغدا کردووە بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک لە پرسە گرنگەکان.
تیلەرسن لەنامەکەیدا دەڵێت، لەم کاتەدا پرسی ريفراندۆم لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان لەبەردەمماندایە ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان دەربڕیوون. ئەم نیگەرانییانە چەند شتێک لەخۆیان دەگرن، ئێمە بەڕێزەوە داوا دەکەین کە ئەڵتەرناتیڤێک قبوڵ بکەن، کە باوەڕمان وایە باشتر یارمەتیتان دەدات بۆ دەستکەوتنی ئامانجەکانتان و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە قۆناخی شەڕی دژی داعش. 
دەشڵێت، سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە کە هەر کارێک بکەین لە دەسەڵاتماندا بێت بۆ یارمەتیدانی ئێوە و حکومەتی ناوەندیی تاوەکو تەواوی ئەم پرسە گرنگانە چارەسەر بکەن و دڵنیاتان بکەینەوە، کە هێز و قورسایی ئێمە لە پشت ئەم چوارچێوە نوێیەوە بۆ دانوستاندن هەیە و لەوەش زیاتر، ئێمە ئامادەین کارئاسانی بکەین بۆئەوەی بەزووترین کات ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی زیاتر پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە بکات. هەروەها ئامادەین کارئاسانی بکەین بۆ پاڵپشتیکردنی تەواوی لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوبەشە گرنگەکانمانەوە، وەک بەریتانیا و فەرەنسا. ئەمە دەرفەتێکی دەگمەنە کە ئێمە بەڕێزەوە داوات لێدەکەین بۆئەوەی ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ریفراندۆمە پلان بۆ دانراوەکە قبوڵ بکە، کە باوەڕمان وایە ئەم ریفراندۆمە ئەنجامی مەترسیداری دەبێت و تەنانەت دەکرێت ئامانجەکانتان بەرەو دواوە بباتەوە. 
تیلەرسن لەنامەکەیدا بۆ بارزانى، بەڵێنى دابوو، بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی تایبەت بە دەسەڵات و داهات بەشێوەیەکی واتادار و جێبەجێکردنی ماددەی 140  چارەسەرکردنی پرسەکانی دیکە وەک پێشمەرگە، فڕۆکەوانی ئاسمانیی سڤیل و نوێنەرایەتیە دیپلۆماسییەکان و بابەتەکانی دیکە و تا ئەوەى لە داهاتودا پشتیوانى لەسەربەخۆیی کوردستان بکات، بەڵام هەموو ئەو دەرفاتەنە لەدەستچوون و هەمویان رەتکرانەوە، ئەنجامەکەشى ئەوە بوو کە وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە مەسعود بارزانى راگەیاند و و ئەمڕۆ کە شەش ساڵ بەسەر ئەو نامەیەدا تێدەپەڕێت، هەرێمى کوردستان گەیشتە ئەمڕۆژەى کە بەدەست حکومەتى عێراقەوە زەلیل بووە و تەنانەت ژیان و مووچەى فەرمانبەرانیش لە مەترسیدایە، هەرێمى کوردستانیش لەلێوارى روخاندایە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations