هەواڵ- ڕاپۆرت

نەخۆشەکانى هەرێمى کوردستان یەک یەک گیان لەدەستدەدەن..

24/09/2023

143 جار خوێندراوەتەوە


نەخۆشەکانى هەرێمى کوردستان یەک یەک گیان لەدەستدەدەن..
حکومەت گوێ لە هاوار و ناڵەى ئەو دایکانە ناگرێ کە بەهۆى بایکۆتەوە منداڵەکانیان گیان لەدەستدەدەن..
دۆخێک هاتۆتە پێشەوە ژیانى هەموان لە مەترسیدایە..
هۆشدارییەکان گەیشتە لوتکە و هیچ ئاسۆیەکى روون نەما..
هەرێم بە تەواوى هەرەسى هێنا و دوو ژیان بەرەو وەستان دەچێت..

لە کۆتاییەکانى مانگى نۆداین و تا ئێستا فەرمانبەران و مووچە خۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى حەوتیان وەرنەگرتووە..
زیاتر لە 13 رۆژە ساڵى نوێى خویندن دەستى پێکردووە، بەڵام لەزۆربەى ناوچەکان دەرگاى قوتابخانەکان داخراون و مامۆستایان بایکۆتیان کردووە و چاوەڕێن مووچە وەربگرن بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان و کەرتى پەروەردە لەژێر مەترسیدایە..
زۆربەى نەخۆشخانە حکومییەکان داخراون و هەر نەخۆشێک ئەگەر زۆر زۆر پێویست نەبێ چارەسەر وەرناگرێت و پزیشک و کارمەندانى تەندروستی بایکۆتیان کردووە..
دۆخەکە هێندە مەترسیدارە، خەریکە یەک یەک نەخۆشەکان گیان لەدەستدەدەن بەجۆرێک تەنها لەماوەى کەمتر لە هەفتەیەک سێ کەس بەهۆى بایکۆتى کارمەندانى تەندروستییەوە گیانیان لەدەستداوە..
رۆژى ١٩ ئەم مانگە منداڵێک بەناوى محەممەد حەسەن لە گەرمیان کە نەخۆشی دڵ و سییەکانی هەبوو، سێ مانگ لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵاوە چارەسەری بۆکرا، پێش بایکۆتکردنی کارمەندانی نەخۆشخانەکە بۆ پاراستنی ژیانی محەممەد رەوانەی سلێمانی کرا، بەڵام گیانى لەدەستدا..
شەوى رابردوو لەسەر رێگاى شارەزور سلێمانى ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەى کە کرێکار بووە برینداربووە، بەڵام بەهۆى بایکۆتى بنکەکانى تەندروستی لەسنورى شارەزور چارەسەر نەکراوە و بەهۆى نەبوونى ئەمبۆڵانسەوە، بریندارەکە بە پیکابێک گەیەندراوەتە سلێمانى، بەڵام لەڕێگادا گیانى لەدەستداوە و ئەویش بووە قوربانى بایکۆت..
هەر ئەو دوو کەسە نین کە بەهۆى نەبوونى مووچە و بایکۆتەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەتا منداڵێکی ساواش بەناوی یوسف هەورامان کە تەمەنی دوو مانگ بوو، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە پێش ئەوەی لە سەیدسادقەوە بگەیەندرێتە سلێمانی، گیانی لەدەستدا، کەسوکاری دەڵێن منداڵەکەمان پەتایەکی قورسی گرتبوو، هەناسەی بۆ نەدەدرا و پێویستی بە ئۆکسجین بوو، کاتێک بردمانە نەخۆشخانەی سەیدسادق، جگە لە پاسەوانەکان، پزیشک و کارمەندی لێنەبوو، بۆیە بردمانە نەخۆشخانەی عەربەت، ئەوانیش بایکۆتی دەوامیان کردبوو، لەڕێگەمان بەرەو سلێمانی، منداڵەکە گیانی لەدەستدا.
 دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵانى سلێمانى باسى مەترسیدارى دۆخەکە دەکات و دەڵێت، کارمەندان بەهۆى بێ مووچەییەوە گرفتیان زۆرە و ناتوانن دەوام بکەن.

ئێستا دۆخەکە بەجۆرێک هەستیارە کە ژیانى هەموان لە مەترسیدایە و ئەگەر کێشەى مووچە بە زویی چارەسەر نەکرێت، پێدەچێت یەک یەک نەخۆشەکان گیان لەدەستبدەن و حکومەتیش لە دوورەوە هەر سەیر بکات و هاوار و ناڵە دایکە جەرگ سوتاوەکان نەگاتە گوێى..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations