هەواڵ- ڕاپۆرت

شاییەکەى حەنین و ئیرڤان بوو بەشینى هەموو عێراق..

27/09/2023

205 جار خوێندراوەتەوە


شاییەکەى حەنین و ئیرڤان بوو بەشینى هەموو عێراق..
حەنین هێشتا تەمەنى نەبووبوو بە ١٨ ساڵ هاوسەرگیرى کرد، بەڵام خۆشى هاوسەرگیرییەکەى بوو بە ژهرێک و بە گەرویدا رۆیشتە خوار..
لە ئەمریكاو ئوسترالیاو بەریتانیاوە خەڵك هاتبوون بۆ ئەو ئاهەنگە، بەڵام توشى کارەساتێکى گەورە بوون..
چى روویدا؟ وەرن با پێتان بڵێم..

درەنگانێكی شەوی رابردوو عێراق ‌و هەرێمی كوردستان بوون بە شایەتحاڵی كارەساتێكی مرۆیی گەورە، زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا 
حەنین ‌و ئیرڤان ئاهەنگی هاوسەرگیرییان كرد، هەزار كەس بۆ بەشداری لەم ئاهەنگە بانگهێشتكرابوون، لە ئەمریكا و ئوسترالیا و بەریتانیاوە خەڵك هاتبوون، مەسیحی‌ و ئێزدی ناوچەكە بەشداربوون، لە پڕێكدا ئەم خۆشییە گەورەیە كارەساتی لێكەوتەوە.
حەنین تەمەنى ١٧ ساڵە و ئیرڤانیش تەمەنى ٢٨ ساڵە، خەڵکى قەزاى حەمدانیەن، دوێنێ بە دڵێکى خۆشەوە چوونە هۆڵى ئاهەنگى گواستنەوەیان، ئاهەنگەكەیان لە هۆڵێكدا سازكرد كە ناوی هۆڵی (هەیسەم)ە، میوانێكی زۆر بۆ بەشداری لەم ئاهەنگە بانگهێشت كرابوون، هەموان لەناو سەماو خۆشیدا بوون بەڵام لەپڕ هەموو شتێک گۆڕا كاتێك كاتژمێر 10:30ی شەو كارەساتەكە روویدا.
لەکاتى ئاهەنگەکدا ئاگرێکى گەورە لە هۆڵەکەدا کەوتەوە و لە ماوەیەكی كەمدا هۆڵەكە بەتەواوی سوتا و زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و سەرەتا وا باسکرا کە بوک و زاواکەش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام شایەتحاڵەکان دەڵێن، لەژیاندا ماون.
بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی مانگی سوری عێراقی، ژمارەی قوربانیانی ئەم رووداوە بۆ زیاتر لە (450) كەس بەرزبوەتەوە، دۆخەكە بەشێوەیەكە خەڵكی حەمدانییە ناڕەزایەتییان هەیە لەوەی نەخۆشخانەكانی نەینەوا فریای وەرگرتنی قوربانیانی رووداوەكە ناكەون‌ و داوای هاوكاری دەكەن، بۆیە دەستكراوە بە گواستنەوەی ژمارەیەك لە بریندارەكان بۆ شاری هەولێر.
رووداوەکە بەجۆرێک کارەساتباربوو، سەرۆک وەزیرانى عێراق سێ رۆژ ماتەمینى لەهەموو عێراقدا راگەیاند و خۆشى ئەو بوک و زاوایەش بوو بە ژەهرێک و بە گەرویاندا رۆشتە خوار و تا لە ژیاندا بن لەیادیان ناچێت..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations