هەواڵ- ڕاپۆرت

پێشبینییەکانى باران بارین پێچەوانە بوونەوە..

07/11/2023

210 جار خوێندراوەتەوە


پێشبینییەکانى باران بارین پێچەوانە بوونەوە..
ئەو پێشبینییانەى دەکران بۆ باران بارین شکستیانهێنا..
ئەوەى لە رابردوودا دەوترا، پێچەوانەکەى راست دەرچوو..
ئێستا پێشبینى نوێ دەکرێت و جارێکى دیکە مژدەى دڵخۆشەکەر دەدرێت..


هێشتا لە چلەى هاویندا بووین، پێشبینى دەکرا کە لە پایزى ئەمساڵ بارانێکى زۆر ببارێت و ئاماژەکان بۆ ئەوەبوون کە هەر لەسەرەتاى وەرزى پایزدا پەڵەبدات، بەڵام نیوەى وەرزى پایز تێپەڕى و بارانى پێویست نەبارى..
زۆر پێشبینى ئەوە دەکرا کە باران بارینى ئەمساڵ بەتایبەت لەسەرەتاى وەرزى پایزدا بێ وێنە دەبێت و لافاوى زۆر دروستدەبێت، بەڵام پێشبینییەکان پێچەوانەبوونەوە و کەشناسەکانیش دەڵێن ئەوەى روویدا پێچەوانەى ئاماژەکان بوون..
سیروان ساڵح شارەزاى دیارى کەشناسى لە هەرێم رایگەیاند، به ڕاشکاوی دەیڵێین پێشبینیی تەواوی مۆدێلەکانی کەشوهەوا بە نەخشە ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە بۆ وەرزی پایزی ئەمساڵ شکستیهێنا، هیچ پێشبینییەک وەکو خۆی نەبوو، پێشبینیی هەموو کەشناسەکان له ناوخۆ و دەرەوەش بۆ وەرزی پایزی ئەمساڵ پێچەوانەبووەوە و تا نیوەی ئەم مانگەش هیچ شەپۆلێکی باران بارین بۆ ناوچەکەمان بەڕێوە نییە.
ئەو کەشناسە دەشڵێت، ئومێدمان هەیە نیوەی دووەمی ئەم مانگە بارودۆخی کەشوهەوا لە ناوچەکەمان باش بێت و پێمانوایه ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت.
هەرچەندە وەرزى باران بارین دواکەوتووە و بەپێى پێشبینییەکان، کاتى پەڵەش دوادەکەوێت، بەڵام تا ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر هەرێمى کوردستان نییە کە ڕووبەڕووى وشکەساڵى ببێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، دوابەدوای ماوەیەکی زۆر لە درێژەکێشانی بەرزە پاڵەپەستۆی رۆژئاوای ناوچەکە کە بووە ھۆی وشکی و لاوازکردنی حاڵەتەکانی باران بارین لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، بە گوێرەی دوایین گۆڕانکارییەکان لە ١٥ی ئەم مانگەوە دۆخی تەڕ و باراناوی بۆ سەرجەم ناوچەکان دەگەڕێتەوە و پێشبینی ھاتنی شەپۆلەکانی باران بارین بەرێژەی زۆر باش لە سەرچاوەکانی دەریای ناوەڕاست و سوور دەکرێت، تا ڕادەیەک نزیکن لە جێگیربوون و بە گشتی کۆتایی بە ماوەی وشکی کەشوھەوا دێت، سەبارەت بە پەڵەش ھەر لەم مانگە لەسەرتاسەری ناوچەکان پەڵە دەدات..
ئێستا جارێکى دیکە ئاماژەکان بۆ ئەوەن لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە بارانى باش ببارێت و پەڵەش بدات و ئەگەرى لافاویش هەیە، بەڵام دیارنییە ئەو پێشبینییانەش وەک پێشبینییەکانى پێشتر پێچەوانە دەبنەوە یاخود نا..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations