هەواڵ- ڕاپۆرت

ئەو میوەیەى هێمن فریا نەکەوت بیخوا و ژیانى لێسەندەوە..

14/11/2023

204 جار خوێندراوەتەوە


ئەو میوەیەى هێمن فریا نەکەوت بیخوا و ژیانى لێسەندەوە..
هێمن قەرەداغى، ئەو پیاوەى بە هێمنى ژیا و بە ئازارەوە مرد..
هەرکەس نوسینەکانى بخوێندایەتەوە لەگەڵى دەفڕى، ئەوەى گوێى لە شیعرەکانى بووایە سەرسام دەبوو..
هێمن گەنجینەیەک لە پەیڤى دانسقە و کێوێک لە مەعریفە.
ئەو هەرگیز نەیدەویست تەنانەت بە نوسینیش ئازاری هیچ کەس بدات..


هێمن قەرەداغى خاوەن سەلیقەیەکی جوان و دونیابینییەکی قوڵ و سەنگین بوو بۆ ژیان
نوسەرو شاعیرو روناکبیر، هێمن قەرەداغی لە ساڵی 1978 لە سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکان، بەشی سینەمای زانکۆی سلێمانی بوو، چەندین پەرتوکی چاپکردوە کە دیارترینیان  بریتین لە: "یەک هەناسە، هەریەکەمان لە باخێکدا یاقوتەکانمان لێ کەوت" و هەورەها خاوەنی پڕۆژەی نوسینی "جیهانبینی ئایینی" بووە، کە پێکهاتووە لە چەند کتێبێک، کتێبی یەکەمی پڕۆژەکە بەناوی "مەعریفەو ئیمان" بڵاوبووەتەوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ نوسەرو رۆماننووسی گەورەی کورد بەختیار عەلی نوسراوەو کتێبی دووەمی پڕۆژەکەش بەناوی "مێژووی ئیمان" لە پڕۆسەی نوسیندا بووە.
هێمن قەرەداغی لەپاڵ ئەوەشدا سیناریۆی چەندین شانۆگەری و کورتە فیلم نوسیوە و لە کۆتا کاریدا، نوسین و دەرهێنانی بۆ کورتە فیلمی "ماسکی چوارەم" کردوە
هێمن قەرەداغی، خوێندکاری ماستەر بوو لە بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ئەمساڵ ساڵی یەکەمی بوو.
ئەو خاوەنى هەزاران نووسین و پەیڤ و شیعرى جوان بوو، قسەکانى دەریایەک بوون بۆ تێرامان.
ئەو بەوە ناسرابوو کە هێمن و لەسەرخۆیە و ژیاندۆست و مرۆڤدۆست بوو، قووڵ بیرى دەکردەوە، وەک چرا دادەگیرسا و تاریکى رووناک دەکردەوە..
هێمن قەرەداغى ئیدى بۆ هەمیشە کۆتایی بە نوسین و قسە و شیعرەکانى هێنا و ماڵئاوایی لە ژیان کرد، ئەویش دواى ئەوەى ئێوارەى دوێنێ لەگەڵ سێ کەسی تر لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، کاتێک بۆ کڕینی میوە لەسەر رێگاى راپەڕین لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت بارهەڵگرێک پێیدا کێشاوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.
بەپێى زانیارییەکان، ئەو ئۆتۆمبێلەى لە هێمن قەرەداغى داوە، شۆفێرەکەی عەرەب بووە.
دواجار هێمن رۆیشت بۆ ژیانێکى ئەبەدى ئەوەى جێیهێشت، منداڵ و شیعر و نوسینەکانییەتى و لەدوایین بڵاوکراوەیدا نوسیویەتى:

به‌ ژیاندا بمپرژێنن
ته‌مه‌نێک به‌شی ئه‌م هه‌موو ڕه‌نگه‌م ناکات
تابلۆیه‌ک ناتوانێ بمنه‌خشێنێت
فڵچه‌یه‌ک نازانێ چۆن ده‌ستی بگاته‌ سێبه‌ری خه‌یاڵم
وه‌ک ترێی ڕه‌زێک
به‌ سه‌ربانی گڵی لادێکاندا هه‌ڵمخه‌ن
با هه‌تاو بمبا
چۆله‌که‌کان لێم بخۆن
با بۆنم ببات
هه‌نگه‌کان شیله‌م بخۆنه‌وه‌
مێروله‌کان تیاما مه‌ست بن
شه‌و ده‌می تاڵیم پێ شیرین بکات
کازیوه‌ نانی به‌یانیم لێ بخوات

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations