هەواڵ- ڕاپۆرت
بە هەلی کار فێڵ لە گەنجان دەکرێت
بە هەلی کار فێڵ لە گەنجان دەکرێت
تەڵەیەکی نوێ دژی گەنجان بەکاردەهێنرێت
بەناوی هەلی کارەوە کچان و کوڕان هەڵدەخڵەتێندرێن پارەیان لێ دەکێشنەوە
پۆلیسی هەرێمیش لەوبارەیەوە داواکارییەک ئاراستەی گەنجان دەکات
بەپێی ئامارێك كە دەست كۆباس كەوتووە
رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 15%یە
ئەوەش رێژەیەکی زۆرە و بەو هۆیشەوە ساختەکاری و فێڵکردنێکی نوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەری هەڵداوە
ئەویش لە رێگەی دروستکردنی گروپی هەلی کاری ساختەوە
ئەو کەسانەی کاری لەسەر دەکەن
ئامانجییان دەستکەوتنی هێزی کار نییە، بەڵكو مەبەستیان لە خشتەبردنی ئەو كەسانەیە كە پەیوەندییان پێوە دەكەن
بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس بەشێک لە ئەو هەلی کارانەی کە بڵاودەکرێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
ئامانج لێی لە خشتە بردنی کچانە بە مەبەستی درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵیاندا
بەشێکی دیکەشی بە ئامانجی کێشانەوەی پارەیە، بەو پێیەی بەناوی دۆزینەوەی هەلی کار بڕێک پارەیان لێدەستێنن و دواتریش هچیان بۆ ناکەن
لەبارەی بڵاوكردنەوەی هەلی كار و كۆنترۆڵكردنی ئەو دیاردەیەی کە بۆ لەخشتە بردنی گەنجانە ، کارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی هەرێم و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ #کۆباس وتی، ئەوەی باس دەکرێت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رەنگە چەند حاڵەتێکی کەمبێت و نەبووەتە دیاردە و سکاڵای زۆریش لەوبارەیەوە رەوانەی پۆلیس ناکرێت و هەر کاتێک کەسێکیش لەسەر ئەو کارانە پەنا بۆ پۆلیس بهێنێت بێگومان بەدەنگەوە چونی بۆ دەکریێت رێککاری یاسایی لەبەرانبەر کەسانی تاوانبار و تێوەگلاو لەوکارانە دەگیرێتە بەر.
هەر بۆیە پۆلیسی هەرێم داوا دەکات لەکاتی ئەو حاڵەتانەدا سکاڵای یاسایی تۆماربکرێت بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لەو ساختەکارییە بکەن
بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردەیەش، شارەزایانی ئایتی ئەوەیان بە #کۆباس وت کە پێویستە ئەم جۆرە گروپانە فەرمی بن و لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیەوە مۆڵەتیان پێبدرێت، بۆ ئەوەی دواتر لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەکدا بتواندرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت
ئەمە جگە لەوەی شارەزایانی بواری ئایتی بە گرنگی دەزانن کە گەنجانیش هۆشیار بکرێنەوە و لەکاتی گەڕان بەدوای هەلی کاردا و دڵنیاببنەوە لەو پەیج و ئەکاونتانەی هەلی کار دادەنێن تاوەکو بزانرێت سەرچاوەی هەلی کارەکە تا چەند راستگۆیە، چونکە لەکاتی نەبوونی ئەم هۆشیارییەش گەنجان لە کوڕان و لە کچان تێدەکەون و چەواشە دەکرێن و بۆ کاری دیکە بەکار دەهێنرێن.