هەواڵ- ڕاپۆرت

ساڵى رەش فەرمانبەران لەناودەبات..

06/12/2023

140 جار خوێندراوەتەوە


ساڵى رەش فەرمانبەران لەناودەبات..
ساڵێکى پڕ قەیران و دواکەوتنى مووچە بەڕێکرا و بۆ ساڵى ئایندەش فەرمانبەران دەستیان لەسەر دڵیانە..
دۆخێکى سەخت بەرۆکى مووچەخۆران دەگرێت..
ئاسۆى باشبوونى دۆخى مووچە دیارنییە و پێدەچێت ساڵى ئایندەش ساڵێکى رەشبێ بۆ فەرمانبەران..

ساڵى ٢٠٢٣، سەرەڕاى کۆمەڵێک بەڵێن و مژدە لەبارەى باشبوونى دۆخى دارایی هەرێم و مووچەخۆران، بەڵام، تا دەهات دۆخەکە پێچەوانە دەبووەوە و مانگ دواى مانگ قەیرانەکان قوڵتر دەبوونەوە..
هەرچەندە لەکاتى پەسەندکردنى یاساى بودجە مژدەى گەورە دەدرا و دەوترا نەک مووچە لە کاتى خۆیدا دێت، پاشەکەوتى مووچەش دەگەڕێتەوە، هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو نرخى نەوت و بەنزین وەک پارێزگاکانى عێراقى لێدێت و سەردەمێکى نوێى خۆشگوزەرانى دەستپێدەکات و هەرێمى کوردستتان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى زێڕینى دارایی پێش ٢٠١٣..
کەچى ئەوەى بینرا، هەمووى پێچەوانە بووەوە، نەک پاشەکەوتى مووچە نەگەڕایەوە، بەڵکو دابەشکردنى مووچەش کەوتە قۆناغێکى نوێوە کە فەرمانبەران سێ مانگ مووچە وەرنەگرن و ئێستاش چارەنوسى مووچەى سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵ لە قورگى شێردایە و کەس نازانێت چى لێدێت..
ئەوە باسى نرخى سوتەمەنى و خزمەتگوزارییەکان هەر ناکەین کە چۆن هەموو شتێک خرا پوون..
وا بەرەو کۆتایی ساڵ دەڕۆین و فەرمانبەرانى هەرێمیش لەوپەڕى نا ئومێدیدان و ساڵێکى رەشیان بەڕێکرد و بۆ ساڵى ئایندەش ئاسۆ رون نییە کە ساڵەکە رەشتر دەبێت و کێشەکان فەرمانبەران لەناو دەبات یان شتەکان چاک دەبن و فەرمانبەران ئاهێکیان بەبەردا دێتەوە..
هەرچەندە لە ئێستاوە مژدەى ئەوە دەدرێت کە بۆ ساڵى ئایندە دۆخى مووچە باش دەبێت و یاساى بودجە هەموار دەکرێتەوە و مانگانە لەکاتى خۆیدا مووچە دابەشدەکرێت، بەڵام ئەو مژدانەش وەک ئەو مژادانەى لێهاتووە کە دەدرا بە زولەیخا بۆ بینینى یوسف، کەچى هەر نەیدەبینى و هەموو جارێک بە دەستى بەتاڵ دەگەڕایەوە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations