هەواڵ- ڕاپۆرت
بەرنامەی بەرنامە بۆ داخرا و چۆن دەستپێدەکاتەوە؟
بەرنامەی بەرنامە بۆ داخرا و چۆن دەستپێدەکاتەوە؟
یەکێک لە پڕ بینەرترین بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکان بوو
بە کۆمیدیای ڕەش هەمووشتێکی دەخستە ڕوو
بەڵام ئەم پڕۆگرامە بۆچی داخرا و چۆن دەستپێدەکاتەوە؟
بەرنامەی بەرنامە یەکێکە لە بەناوبانگترین پرۆگرامەکانی میدیایی کوردیە ئەم بەرنامەیە لەپاش دامەزراندنی کەناڵی خاک لە ساڵی 1998 دەستی پێکرد بۆ ئەو سەردەمە بەرنامەیەکی کۆمیدیای جیاواز بوو بەتایبەت لەکاتێکدا کە ژمارەیەکی کەم دەزگایی میدیایی هەبوو ڕەخنە گرتنیش لە دەسەڵات و سیستمی حکومڕانی لە میدیادا زۆر سنوردار بوو بەڵام بەرنامەی بەرنامە هەموو ئەو ڕێچکانەی تێکشکاند بەشێوازێکی کۆمیدی و گاڵتەئامێز ڕەخنەی لە دیاردە ناشرینەکانی کۆمەڵگە و سیاسەت دەگرت
بەرنامەکە لە چەندین بڕگەی جیاواز پێکهاتبوو کە دیوانی وەیخڕ پاشا و مەکتەبەکەی میستەر و شێتخانەی مەرکەزی و مرۆڤ و تەلەفیزیۆنەکە و چەلەحانێ و دێوەکەی عەلادین و دوکانی بەکر، بەناوبانگترینیان بوون ئەم بەرنامەیە لە نوسینی د. شێرکۆ عەبدوڵڵا بوو کە یەکێکە لە بەتواناترین تەنزنووسەکان لە کوردستان جگە لەوەش چەندین هونەرمەندی وەک بەرزانی قالەی خەڵوز و مستەفا ئەحمەد و عومەری کەریم ئاغا و ئەحمەد جۆڵا و حیکمەت هیندی و نەرمین قادر و زاهیر عەبدوڵڵا و چەند هونەرمەندێکی دیکە رۆڵیان تێدا دەگێڕا لەبارەی هۆکاری راگرتنی بەرنامەی بەرنامە بەرزانی قالەی خەڵوز ئەوەی بە کۆباس وت کە ئەو بەرنامەیە وەک هەر پرۆگرامێکی دیکە دەبوو کۆتای هەبێت و لە شوێنێکدا رابگیرێت بۆ ئەوەی بێزاری لای بینەران درووستنەکات جگە لەوەی بەرزان قاڵەی خەڵوز نەشی شاردەوە کە بەهۆی درووستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەکە بووە دووبەشەوە و بەشێک لە هونەرمەندەکانی وازیان هێنا کە ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆگرامەکە هەبوو بەڵام پاش چەندین ساڵ لە وەستاندنی پرۆگرامەکە بڕیارە جارێکی دیکە بەرنامەی بەرنامە بە ستایلێکی نوێی و بە بەشداری هونەرمەندەکانی لە کەناڵی کوردساتەوە دەستپێبکاتەوە هەرچەندە تا ئێتستا دیار نییە کە دەستپێکردنەوەی پرۆگرامەکە بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێت یاخود تەنها چەند بەرنامەیەکی تایبەت دەبێت بۆچوونی تۆ چییە و پێتباشە بە بەردەوامی بەرنامەی بەرنامە دەستپێبکاتەوە؟