هەواڵ- ڕاپۆرت

گومانەکان لە ئاگرەکانی هەولێر زیاتر دەبێت

27/05/2024

191 جار خوێندراوەتەوە


راپۆرت: ساری سەڵاح

گومانەکان لە ئاگرەکانی هەولێر زیاتر دەبێت 
كاسبكارانی شارەکە هاواریان لێهەستاوە 
كێ قەرەبووی كاسبكارانی هەولێر دەكاتەوە و بۆچی پارتی بێدەنگە؟ 
کێ لە پشت کردنەوەی ئاگرە یەک لەدوای یەکەکانی هەولێرەوەیە؟

لە ماوەی رابردوو رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر  لە حاڵەتەوە بووە دیاردە و مانگانە چەندین رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە بازاڕە جیاوازەکان کەوتووەتەوە و  هەر لەسەرەتای ئاگر کەوتنەوەکانیش گومان دروستبوو بەوەی دەستێک لە پشت ئەم ئاگر کەوتنەوانە هەیە  دوای ئەوەش گورپێکی رەگەز پەرستی تورکی بەپرسیارێتی خۆی لە سوتاندنی بازاڕی لەنگە لە ئەستۆ گرت و  بەوەش خەڵک و کاسبکاران مەترسییان لەلا دروستبوو  بەڵام پارتی بێدەنگ بوو.  ئەم بێدەنگییەش گومانەکانی زیاتر کرد بەوەی پارتی ناتوانێت ناوەکانیان ئاشکرا بکات.  جگە لەم دۆخەی دروستبووە ئێستا کاسبکارانی هەولێر هاواریان لێهەستاوە و  داوادەکەن لەم دۆخە خراپەی تێیکەوتوون و بێکار ماونەتەوە و زیانی زۆریان بەرکەوتووە پشتیوانیان بکەن  تاوەکو دەچنەوە سەر کارەکانیان چونکە وەکو خۆیان دەڵێن  ئەگەر رۆژێک کار نەکەن پێوەیان دیارە بەڵام ئەمە نزیکەی مانگێکە  هیچ کەس بەدەنگییانەوە نەچووە جگە لە بەڵێنی بێ کردار هیچیان بۆ نەکراوە.  سازگار دڵشاد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر  کە ئیستا بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کارەکانی ئەنجومەنەکەیان راگیراوە  تایبەت بۆ کۆباس وتی، بوونی ئەو هەموو رووداوی ئاگر کەوتنەوەیە  لە بازاڕەکانی هەولێر جێگەی نیگەرانیمان بووە و گومانی تەواومان هەیە کە دەستێک لە پشت ئەم رووداوانە بن  چونکە ناکرێت ئەم هەموو رووداوی ئاگر کەوتنەوانە ئاسایی بێت.  ئەوەشی وت، ئاشکرا نەکردنی هۆکاری چەندین رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکان  بەتەواوی گومانەکانی کردووەتە راستی بەوەی دەستێک لە پشت ئەم ئاگر کەوتنەوانە بوونیان هەیە.  لەماوەی رابردوو لە راگەیەندراوێکدا (گروپی میساقی میلـلی توركی) کە گروپێكی رەگەز پەرستی توركیایە و  سەر بە دەزگای میتە و گورگە بۆرەکان راهێنانیان پێدەکەن  بەرپرسیارێتی خۆی لە ئاگركەوتنەوەی بازاری لەنگەی هەولێر راگەیاندو  هۆشداریشدا لە بەردەوامی کارەکانیان ئەگەر گوێیان لێ نەگیرێت  داواكارییەكانیان ئەوەبوو خەڵكی كوردستان تەسلیمی توركیا ببن و  ئاڵای توركیا لەسەر قەڵای هەولێر هەڵبكرێت. چنار جەلال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری  كە بەهۆی تەواو بوونی ماوەی یاسایی ئەنجومەنەكە دەستییان لەكار كێشاوەتەوە  بۆ كۆباس وتی، ئاشكرا نەكردنی كەسانی تۆمەتبار بە ئاگركەوتنەوەكانی ماوەی رابردوو لە هەولێر  بە تەواوی گومانەكانی كردووەتە جدی بەوەی دەستێك لە پشت ئەم ئاگر كەوتنەوانە هەیە و  ناتوانرێت ناوەكانیان ئاشكرا بكرێن.  ئاشكراشیكرد، نەمانی چاودێری پەرلەمانی كوردستان و لەكاركەوتنی ئەنجومەنی پارێزگاكان  بۆشایی زۆری دروستكردووە لە بەدواداچوونی كارەكان.  ئەوەشی وت، ئەركی حكومەتە قەرەبوو زیان لێكەوتووان بكاتەوە 
بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەت ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات  نابێت كاسبكارانی هەولێر ئومێدیان بەو حكومەتە هەبێت.   بەبۆچوونی چاودێرانیش ئەم باجەی خەڵکی هەولێر و کاسبکاران دەدەین  باجی سیاسەتی هەڵەی پارتییەوە کە لەماوەی رابردوو پەیڕەوی کردووە و بەرانبەر وڵاتان و  پێشیان وایە یاریکردنی پارتی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ وایکردووە وڵاتان گومانیان بۆ دروست ببێت  بەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە دژایەتیان دەکرێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations