هەواڵ- ڕاپۆرت

ئەو کچە شەهیدەی دەیەوێت متمانە بۆ پەرلەمان بگەڕێنێتەوە

3 رۆژ پێش ئێستا

51 جار خوێندراوەتەوە


ئەو کچە شەهیدەی دەیەوێت متمانە بۆ پەرلەمان بگەڕێنێتەوە 
خەمی گەورەی چینی گەنجانە  و بەڵێنی ئاشتکردنەوەیان دەدات
توێژەرێکی بەئەزموونە لە دۆزی کورددا و دەیەوێت بە ڕێگای باوکی خزمەتی گەلەکەی بکات.
یەکێتی بەڕێگەیەک دەزانیت بۆ خزمەتکردنی خەڵك لەناو پەرلەماندا


دکتۆر هەستیار کەمال کوردی، تەمەنی ٤٤ ساڵە و لە دایکبووی شاری سلێمانییە هەر سێ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە گەڕەکی توی مەلیک تەواو کردووە.  لە ئێستاشدا خاوەنی بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا و  پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی. دکتۆر هەستیار خەڵکی ڕەسەنی شاری سلێمانییە و دەڵێت، باوکم خەڵکی سابونکەرانە و دایکیشم خەڵکی مەڵکەندییە. 
لە ساڵی ١٩٩٦ کاتێک لاوبووە باوکی بەدەستێکی ڕەش شەهیدکراوە، ئەم ڕووداوە کاریگەری هەبووە لەسەر تەواوی تەمەنی دکتۆر هەستیار و وایکردووە کە ڕێچکەی باوکی بگرێتە بەر و بەڵێنی بەخۆیداوە دێژە بەڕێبازەکەی باوکی بدات. 
بەو هۆیەوە چەندین توێژینەوەی لەسەر دۆز و مێژووی کورد و کاریگەری وڵاتانی دەرەوەی لەسەر گەلی کورد کردووە و پێی وایە توانیویەتی کاریگەری دروستبکات
یەکەم مامۆستا بووە وانەی مێژووی شارستانیەتی کوردی بڵێتەوە لە زانکۆی سلێمانیدا و شارەزای ئابووری و سیاسی و مێژووییە، کاندیدە لەسەر یەکێتی نیشتیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دکتۆر هەستیار دەڵێت، لە ڕابردوودا بەردەوام کارم کردووە لەسەر پەرەپێدانی هەستی نیشتیمانی لای خوێندکارەکانم و  گەنج و خوێندکاری زانکۆ بە کۆڵەکەی کۆمەڵگا دەزانم
ئەوەی کە زۆر جێگای شانانازییە بۆی ئەوەیە کە کچی شەهید کەمال کوردیە و یەکێتیە، بەوپەڕی ئامادەباشیەوە دەیەوێت وەک کاندیدێکی یەکێتی بچێتە پەرلەمانی کوردستابن و خزمەتی خەڵک بکات.
خاوەنی پلان و پڕۆژەی تایبەتە بۆ پەرلەمانی کوردستان و دەیەوێت، هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و گەنجان ئاشتبکاتەوە بە بازاڕ، هەروەها دەیەوێت کارێک بکات جارێکی دیکە خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانە بەدامەزراوەی پەرلەمان بکەنەوە، چونکە پێیوایە خەڵک بێهیواکراوە و پشتگوێخراوە.
بەرنامەی هەیە بۆ زیندووکردنەوەی بەها جوانەکانی کۆمەڵگای کوردی، چونکە پێیوایە بەهۆی دروستبوونی هەندێک حزبی ئۆپسزیۆنەوە لە ڕابردوودا و بەکارکردن لەسەر هەست و سۆزی خەڵک و بڵاوکردنەوەی کلتووری جنێودان ئەو بەهایانە لەناوچوون، ئێستا دەستێک هەیە بۆ تێکدانی سیرازەی خێزان لە کوردستان.
ئەو پێیوایە دەبێت جارێکی دیکە گەنجەکان ئاشتبکرێنەوە و خێزان ڕێکبخرێتەوە  و ڕێگری بکرێت لە کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تۆکمەی پڕ لە خزمەتگوزارییەوە.
رەخنەکانی دکتۆر هەستیار لە حکومەتی هەرێم زۆرن و دەڵێت، بەڕاستی جێی شەرمەزارییە چەند ساڵە حکومەتمان هەیە تا ئێستا دەستوورێکمان نیە، لە خولی سێی پەرلەمانەوە کار بەیاسای بودجە ناکرێت و  بووەتە هۆکاری دروستبوونی تەواوی قەیرانەکانی وەک نەمانی دامەرزاندن و پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
بەڵێنی ئەوە دەدات لە ئاست متمانەی دەنگدەرەکانیدا بێت و دڵنیایی خۆشگوزەرانی بگەڕێنێتەوە بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردی و گەنجانی زوڵم لێکراوی کوردستان ئاشتبکاتەوە و متمانە بۆ کاری پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations