هەواڵ- ڕاپۆرت

ئەو کوشتن و رەشبگیریەی لە هەولێر دەگوزەرێت کێ بەرپرسە لێی؟

پێش 2 هەفتە

109 جار خوێندراوەتەوە


ئەو کوشتن و رەشبگیریەی لە هەولێر دەگوزەرێت کێ بەرپرسە لێی؟
پارتی بەدەستگیرکردنی رۆژنامەنوسانەوە ناوەستێت و هێرشدەکاتە سەر خانەوادەکانیان

دروشمی هەولێر وەردەگرینەوە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بەرزی کردووەتەوە و سوورە لەسەر جێبەجێکردن و بەدیهێنانی، لەرزی لە پارتی هێناوە و شڵەژاندوویەتی بەشێوەیەک لە ترسی ئەو دروشمە دەستی کردووە بە تەقەکردن و دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی مەدەنی بە شێوەی رەشبگیریانە.
سەرەتای شڵەژاویەکەی پارتی لەناو بانگەشەکانی یەکێتی لە هەولێر دەستی پێکرد و لەهەرشوێنێک کاندید یاخود بەرپرسێکی یەکێتی بچوایەتە ناو خەڵکی هەولێرەوە کادری خۆی دەناردە ئەو شوێنە و پشێوی دەنایەوە دواتریش لەرێی دەزگا حکومییەکانی وەک ئاسایشی هەولێرەوە بەیاننامەی دەردەکرد و تاوانەکەی دەخستە ئەستۆی یەکێتی،هاوڵاتییانی هەولێر پڕن لە دەسەڵاتی پارتی لە سنوورەکە و دەیانەوێت بە پاڵپشتیکردنی یەکێتی لەم هەڵبژاردنە کۆتایی بەو دەسەڵاتە خۆسەپینە بهێنن و ئەمەش هێندەی تر پارتی ترساندووە و رۆژی پێنجشەممە هێزێکی زۆری زێرەڤانی لە هەولێر چوونە کۆمەڵگەی کۆرەک بۆ روخاندنی خانوی هاوڵاتییانای ناوچەکە کە کۆمەڵگەیەکی هەژارنشینە و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی لەپێناو ئەوەی لە کرێچێتی رزگارییان ببێت خانوویان دروستکردووە، دوای ئەوەی هاولاتییانی کۆمەڵگەکە دەیانەوێت رێگری لە روخاندنی خانووەکانیان بکەن هێزەکانی زێرەڤانی دەستڕێژی گولـلەیان لیدەکەن و بەهۆیەوە گەنجێک بەناوی دانا محیدین دەکوژن و گەنجێکی دیکەش بریندار دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان پارتی هێزێکی دەمامکداری ناردووەتە سەر برایەکی شێروان سێروان، رۆژنامەنوسی زیندانیکراوی بادینان و رفاندوویانە.
براکەی شێروان شێروانی کەناوی بەرزان شێروانیە دەڵێت: لەکاتی رۆیشتنمان بۆ سەردانی شێروان شێروانی برام، لە زیندانی گەورانی هەولێر و سەردانی کۆمەڵێک دۆست و برادەر، لەناویاندا سەردانێکی دوستانەی برای بەرێز کاک میر سەلام خان برادۆستی، کاتێک گەڕامەوە بەرەو ئاکرێ، هێزێکی راهێنراوی جل رەش و مەدەنی بە دوو سەیارەوە رێگایان لێ گرتم، لە سەیارەکەم دایانگرتم، ئیهانەیەکی زۆر نامەردانەیان کردم کە مەبەست لێ، ترساندن و سوکایەتی بوو، وەکو ئەوانەی بەدەیان و سەدان خەڵکی دڵسۆز و کوردپەروەر کراوە...
لێرەوە رایدەگەیەنم بەم کارانەتان هێندەی تر، نابووتی ناو خەڵک و لای خودا دەبن.
ئەو رەفتارانەی پارتی و هێزە چەکدارەکانی هێندەی تر خەڵکی هەولێر و بادینانی توڕەکردووە و هەموویان ئومێدیان بە بافڵ تاڵەبانییە بۆ رزگارکردنیان لە ژێر دەستی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations