هەواڵ- ڕاپۆرت

ئایا هیچ مەترسی لەسەر مووچە ماوە؟

11/07/2024

321 جار خوێندراوەتەوە


ئایا هیچ مەترسی لەسەر مووچە ماوە؟
بێ متمانەیی لە نێوان هەرێم و بەغداد چارەنوسی مووچە دەخاتە مەترسییەوە؟ 
حکومەتی هەرێم چۆن کێشەکان دەخاتە ئەستۆی خۆی؟
ئەو سێ هۆکارەی گرفتی بۆ مووچە دروست کردووە چیین؟ 



هەرچەندە بڕیاری 21ی شوباتی دادگای باڵای فیدراڵی و  هەمواری یاسای بودجەی 2024ی عێراق  ئومێدی بۆ مووچەخۆران دروستکرد  بەوەی جارێکی دیکە گرفتی مووچە بۆ دروست نابێت  بەڵام چەند مانگێکە گرفتی لە ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و 
بەشێکی وەزارەتەکانی دیکە دروست دەبێت و  ئەمەش بە بۆچوونی شارەزایان  جۆرێک بێ متمانەییە کە ئەم دۆخەی دروستکردووە و  هۆشداریشدەدەن لەوەی ئەم بێ متمانەییە  لە داهاتوو کیشە بۆ مووچە دروست دەکات و  ئەگەری راگرتنی هەیە. 
دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  تایبەت بۆ کۆباس وتی،  سێ هۆکاری ئەم دۆخەیان لە نێوان هەرێم و بەغداد دروستکردووە  ئەوانیش کێشە و گرفتەکانی ساڵانی رابردووە  کە کاریگەری تا ئێستاش ماوەتەوە و  هەروەها جۆرێک بێ متمانەیی  لە نێوان هەردوو حکومەتی دروستبووە و  سێیەم هۆکاریش ئەو رێککەوتنانەی کراوە  وەکو پێویست جێبەجی نەکراوە.  ئاشکراشیکرد، ئەگەر چی دوو پاڵپشتی هەیە  بۆ بەردەوامی ناردنی مووچە  بەڵام سێ مەرجیش بەرانبەر ئەو پاڵپشتییانە هەیە  کە ئەوانیش نادرنی لیستی مووچەیە کە تائێستا  کەموکورتی هەیە  هەروەها تەوتینی مووچە کە حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە پێیەوە و  رادەستکردنی داهاتی نانەوتی کە ئەوەش  تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و  بەوەش دۆخەکە بە نادیاری هێشتووەتەوە. 
 بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس حکومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوو خۆی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە لیستی مووچەخۆران پێویستی بە پاکسازی هەیە و  ئەوەش لە زاری ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی  لە رۆژانی رابردوو جەختی لێ کراوەتەوە  کە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە،  ڕەنگە ئێمە وەک هەرێم لە ڕابردوو  لە ڕووی تەکنیکی و هونەریەوە  سەرکەوتوو نەبوبێتین لە پاککردنەوە و  ڕێکخستنەوەی لیستی ناوی فەرمانبەران.  خەلیل غازی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران  لە فراکسیۆنی پارتی بۆ کۆباس وتی،  ئەوەی ئێستا دەکرێت هۆکارەکەی روونە  کە دەبێت لیستی مووچە بە خواستی حکومەتی ناوەندی بێت  چونکە ئەوان مووچە دەدەن و  هاوکات ئەوەش گرنگە تەوتینی مووچە بکرێت  بۆ پاراستنی مووچەخۆران لە هەر مەترسییەک و  بۆ ئەوەش هەوڵی جدی هەیە و  جگە لەوەش ئەوەی ماوەتەوە هەماهەنگی نێوان  هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدادە  کە لە ئیستا بۆ وردبینی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان هاتوونەتە هەرێم و ئەگەر  هەماهەنگییەکان بەردەوامی هەبێت  لە داهاتوو ئەو کێشانە چارەسەر دەبن.  لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونانەی کۆباس کردوویەتی  هۆکارێکی سەرەکی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم  دەیەوێت بە مووچەخۆران بڵێت کە هەتا مووچە لە هەرێم بوو  کێشەیان نەبووە بەڵام ئەوە بەغدادە کێشە دروست دەکات  لەکاتێکدا ئەگەر سەیری رابردوو بکەین دەبینین حکومەتی هەرێم داهێنەری پاشەکەوتی مووچە و لێبڕینی مووچە بووە و لە رابردوو دۆخێکی خراپی بۆ مووچەخۆران دروستکردبوو. 
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی  لە خولی پێشوو ئەنجومەنی نوێنەران  بۆ کۆباس ئاشکرایکرد،  حکومەتی بەغداد پێی وایە ئەم لیستانە کە رەوانە دەکرێت  کەموکورتی زۆری تێدایە و  پێویستی بە وردبینی زیاترە و  هەرێمیش پێی وایە ئەمەی بەغداد دەیکات جۆرێک بیانووە بە هەرێم بۆ دواخستنی مووچە و  لەگەڵ ئەوەش حکومەتی هەرێم نایەوێت  هەموو مووچە و داتاکان بچێتە بەردەستی بەغداد و  بەغدادیش ئامادە نییە بەم نیوە و ناچڵییە مووچە بدات بۆ چارەسەری ئەوەش دەبێت هەرێم 
پابەندبێت بە ناردنی سەرجەم داتاو زانیارییەکان و  پێکەوە وردبینی لیستی مووچە بکەن  تاوەکو ئەگەر مووچەخۆرێکی ناهەق هەیە  نەبێتە کێشە لەبەردەم مووچەخۆرانی دیکە و  هەمووان بە ئاگری ئەوان نەسوتێن.  ئاشکراشیکرد، ئەوە هەیە نابێت بیرمان بچێت ئەوەیە  هەرێم لە ماوەی رابردوو خۆی چاکسازی کرد  تاوەکو لیستی مووچە پاک بکاتەوە  بەوەش خۆی گومانی هەبووە لە لیستی مووچە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations