هەواڵ- ڕاپۆرت

دۆخی هەولێر تادێت بەرەو خراپی دەچێت و خەڵك هاواریان لێهەستاوە

20/07/2024

243 جار خوێندراوەتەوە


دۆخی هەولێر تادێت بەرەو خراپی دەچێت و خەڵك هاواریان لێهەستاوە 
بێ پلانی كێشەكانی هەولێری زیاتر كردووە و داوای چارەسەری بەپەلە دەكرێت 
كێشەكان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و حكومەت بەهۆكاری سەرەكی ناودەبرێت 


رۆژانە دۆخی هەولێر و خەڵكی هەولێر بەرەو خراپی دەچێت و  حكومەت و بەپرسانی شارەكە لە بری چارەسەركردنی دۆخی خەڵك  بەردەوام لە شاردنەوەی نیگەرانییەكان و  خەڵك سەرقاڵ دەكەن بە كێشە لاوەكییەكان و 
تۆمەتباركردنی لایەنەكانی دیكە و  تا ئێستاش بەرپرسانی ئیدارەی شارەكە ئامادەنین دان بنێت بە كەموكورتییەكان و  وەكو ئاماژەی پێدەكرێت لەسەر ئەو هەموو كەموكورتیانەش  هیچ كەسێك لە بەپرسانی شارەكە لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكراوە و  هیچ گۆڕانكارییەكیش نەكراوە.  د. محەمەد عەلی عوزێری نوسەر و پسپۆڕی ئابووری دەڵێت،  لافاو نیوەی هەولێر دەبات،  بۆری ئیفراز دەشکێ، خەڵک بێ ئاو دەکرێ،  پاڵاوگەکان خەڵکی وێرانکرد، نیوەی هەولێر دەسوتێت و رۆژانە بەچەک خەڵک دەکوژرێت  بەڵام کەسمان نەدیت سزا بدرێ یان لەکارلابدرێت.  باسی لەوەشکردووە، لەسەر کۆی ئەم دۆخانەی دروستبووە دیارە میللەت تاوانبارە. بەپێی زانیارییەکانی کۆباس هۆکاری هەموو گرفتەکان لە هەولێر بۆ بێدەنگکردنی 
خەڵکی شارەکە دەگەڕێننەوە ئاماژە بەوە دەکەن  فشارێكی زۆر لەسەر چالاكوانان و رۆشنبیران و خەڵكانی ناڕازی هەیە و  ئەوەش دۆخێکی خراپی دروستکردووە و  مەترسی تەقینەوەی دۆخەکە هەیە.  فەیسەڵ عەباس پەرلەمانتاری خولی پێشوو لە پەرلەمانی كوردستان  تایبەت بۆ کۆباس وتی، ئەوەی دەبینرێت و دەوترێت راستییە  لە ئێستادا گرفتی کەمئاوی کێشەی گەورەی بۆ هەولێر دروستکردووە و  رەنگە خەڵکێک دۆخێکی باشیان هەبێت بتوانن بە کڕینی تانکەر گرفتەکە چارەسەر بکەن  بەڵام خەڵکێکی زۆر هەیە دۆخی داراییان خراپە و کێشەیان بۆ دروستبووە.  ئاشکراشیکرد، جگە لەکێشەی کەمئاوی چەندین کێشەی دیکە بونییان هەیە  لەوانەش خراپی دۆخی دارایی خەڵک و زۆربوونی حاڵەتەکانی شەڕ و تەقەکردن و کوشتن  هۆکاری ئەم گرفتانە و بەردەوامییان بێدەنگ بوونی حکومەتە لە ئاست ئەم کەموکورتییانەو  پێویستە هەرچی زووە چارەسەری ئەو گرفتانە بکرێت.  کۆباس ئەوەی زانیوە لە پارێزگای هەولێر بۆ ئەوەی کێشەکان لە بیر خەڵک ببرێتەوە  رۆژانە شتی لاوەکی دەخرێنە بەرباس تاوەکو خەڵک سەرقاڵ بکرێن و  کێشەکانیان بیر ببرێتەوە و جگە لەوەش  نەبوونی چاودێری بەسەر حكومەت و ئیدارەی شارەكە دۆخەكەی خراپتر كردووە و  ئەوەش ئاشكرا دەكرێت ئەوانەی نزیكی پارتین هەرچییان بوێت ئەیكەن و  هیچ ترسییان لەسەر یاساو لێپێچینەوەكان نییە. 
نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر  کە لە ئێستادا کاری ئەنجومەنەکە هەڵپەسێردراوە تایبەت بۆ #کۆباس وتی،   نەبوونی چاودێری پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان یەکێکە لەهۆکاری کێشەکانی هەولێر  جگە لەوەش گەورەبوونی هەولێر بەبێ پلان،  چونکە ناکرێت لەپێناو بەرژوەندی قازانجی کەسی بەبێ هیچ پلانێک شار بەمجۆرە گەورەبکرێت  دواتر ئەم کێشانە دروستدەبێت.  ئاشکراشیکرد، خراپی دۆخی داراییش هۆکاری سەرەکی کێشە ئەمنییەکانە و 
بەهۆی ئەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش کارەکانیان راگیراوە  بەوەش هیچ چاودێرێک لەسەر کارەکان نییە و  ئەوەش وایکردووە دۆخەکە خراتپتر ببێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations